وەزیری تەندروستی: ئەوەی مەترسییەکە بەرزتر دەکاتەوە، بانگەشەی نەبوونی پەتای کۆرۆنایە

وەزیری تەندروستی لەم دۆخە هەستیارەدا پەیامێکی نوێ بڵاودەکاتەوەو دەڵێت " ئەوەی مەترسیی کۆرۆنا لەسەر هەرێم  بەرزتر دەکاتەوە، بریتییە لە بانگەشەی نەبوونی ئەم پەتایە، لەسەر چەند بنەمایەکی نازانستی، بێبنەما کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەم پەتایە و بە سیاسیکردنی مەترسی ئەم پەتایە جیهانییەیە".


د. سامان بەرزنجی لە پەیامێکی نوێ یدا کە ئەمشەو بڵاویکردەوەو بەشێکی زۆری تایبەتە بە وەسفکردنی کارەکانی سەرۆۆکی حکومەت لە بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنادا، هاوکات لە هەندێک بڕگەی پەیامەکەیدا باسی مەترسیەکانی کۆرۆنا لەسەر هەرێم دەکات و دەڵێت" هەموومان ئاگادارین مەترسییەکانی پەتای کۆڤید - 19 لەسەر ئاستی جیهان درێژەی هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش مەترسییەکە تائێستا وەکو خۆی بەردەوامە و ژمارەی حاڵەتەکان لە بەرزبوونەوە دایە".

 
دەقی پەیامەکە
د. سامان حسێن بەرزنجی

 
ئاشکرایە هەر لەسەرەتای دەرکەوتنی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە ناوچەی ووهان لە وڵاتی چین، رێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداری دا سەبارەت بە ترسناکیی ئەم پەتایە تاوەکو لە رێکەوتی 30-1-2020 باری لەناکاوی لەسەر ئاستی جیهاندا راگەیاند. بێگومان وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرباری سەرقاڵبوونی بە پەتاییەکی دیکەی وەرزی ناسراو بە (H1N1)، پێش ئەوەی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی باری لەناکاو رابگەیێنێت، هەرئەوکات لە 23-1-2020 یەکەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەت تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنای نوێ ئەنجامدرا. پێش ئەوەی هیچ حاڵەتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تۆماربکرێت، دەستیکردبوو بە ئامادەکارییەکان لەئاستی ناوخۆ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە بە دروستکردنی تیمێکی هاوبەش لە کەسانی تایبەتمەند و پسپۆڕ لە وەزارەتی تەندروستی و بە بەشداری بەرپرسانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق و هەر ئەو کاتیش بڕیاردرا بە دەستپێکردنی بڵاوکردنەوەی وشیاریی تەندروستی بۆ هاونیشتمانییان و دانانی چەندین رێکاری تایبەت لە خاڵە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و پاشان کەرەنتینەکردن و کردنەوەی سەنتەری تایبەت بەم نەخۆشییە و راهێنانی کارمەندانی تەندروستی و چەندین رێکاری دیکەی کاریگەر و زانستی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە.
 
وەک دەبینن ئەنجامەکەیشی بۆ هەمووان ئاشکرا و روونە کە دوای تۆمارکردنی چەندین تووشبووش لە هەرێمی کوردستان، بە شایەتی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە ناوخۆ و دەرەوە و شایەتی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ئامادەکارییانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی یەکجار کارا و کاریگەر لەقەڵەمدرا و لەڕووی زانستییەوە تووانی رێگرییەکی باش بکات لە بڵاوبوونەوەی ئەم پەتایە بەشێوەیەکی بەربڵاو و نەگاتە ئاستێک لە کۆنترۆڵ دەربچێت.
 
هەموومان ئاگادارین مەترسییەکانی پەتای کۆڤید - 19 لەسەر ئاستی جیهان درێژەی هەیە و لە هەرێمی کوردستانیش مەترسییەکە تائێستا وەکو خۆی بەردەوامە و ژمارەی حاڵەتەکان لە بەرزبوونەوە دایە، بەڵام ئەوەی مەترسییەکە بەرزتر دەکاتەوە، بە هەر هۆکارێک بێت، بریتییە لە بانگەشەی نەبوونی ئەم پەتایە، لەسەر چەند بنەمایەکی نازانستی، بێبنەما کەمکردنەوەی مەترسییەکانی ئەم پەتایە و بە سیاسیکردنی مەترسی ئەم پەتایە جیهانییەیە. ئەمە جگە لە پەیامی کەمکردنەوەی هەوڵ و ماندووبوونەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان. ئەم جۆرە تێڕوانینە داخراوە واتا رێزنەگرتن لە ماندووبوونی پزیشکان و شەونخوونیی کارمەندانی تەندروستی و ناوخۆ، بەبێ هیچ گومانێکیش زەرەرمەندی یەکەمی ئەم جۆرە بیرکردنەوە و لێکدانەوانە، هاونیشتمانیانی ماندووی هەرێمی کوردستانن. 
 
ئەوەی پێویستە باس بکرێت لەتەنیشت هەموو رێکارەکان، ئەو هەوڵ و ماندووبوون و بەدواداچوونە بەردەوامانەی رێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، بۆ پاراستن و سەلامەتیی گیانی هاونیشتمانییانی کوردستان، کە هەر لەسەرەتاوە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەم دۆخە بووە و بەوردی چاودێری هەموو خۆ ئامادەکاریی و رێنماییە خۆپارێزییەکانی کردووە، تەنانەت بەر لە تۆمارکردنی حاڵەتێکیش لەهەرێمی کوردستان بەردەوام رۆژانە چاودێری رەوشەکە و پاڵپشتی رێکارە خۆپارێزییەکان و هەوێن و سەرچاوەی ئامادەکارییەکان بووە.
 
تێڕوانینی رێزدار مەسروور بارزانی سەبارەت بە هەموو ئەو پێشهاتە سیاسی و ئابوورییانەی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، هەمیشە دووربین و وردبین بووە. لەگەڵ هەموو ئەو بەرهەڵستیانەی دێنە پێش و ئەو رێگرییانەی کە لێی دەکرێت بە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ، لەماوەیەکی کەمدا توانیوویەتی نیشانی هەمووان بدات کە ئەو کوردستانە بەهێزەی خەونی ئێمە و ئامانجی بەرێزییانە دێتە دی.
 
لەگەڵ بەرزبوونەوەی مەترسیەکانی ئەم پەتایە بۆ رێکخستنی کاروبارەکانی حکومەت و پاراستنی گیانی هاووڵاتیان، لەسەر پێشنیازی رێزدار مەسروور بارزانی لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ئەنجوومەنی وەزیران دامەزرا. لەژێر چاودێری بەڕێزیان، کارکردنی ئەم لیژنەیە وەکو یەک تیم، یەکێک بوو لە جوانترین نموونەی هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان وەزارەتەکان. وجوودی ئەم وەزارەتانە لەناو ئەم لیژنەیەدا هۆکار بوو بۆ راستی و دروستی ئەو بڕیارە چارەنووسسازانەی کە لەلایەن ئەم لیژنەوە دەرکرا. بەخۆشحاڵیەوە و بەشێوەیەکی چاوەڕاننەکراو، تائێستا بە شێوەیەکی نموونەیی کۆنترۆڵی ئەم پەتایە کراوە.
 
بەر لە تۆمارکردنی هەر حاڵەتێکی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵساوە بە سەردانیکردنی مەیدانی بۆ ئەو شوێنانەی کە بۆ پشکنین و وەرگرتن و مانەوەی نەخۆشەکانی تەرخانکرابوو، بۆ ئامادەکاری لە ئەگەری دەستنیشانکردنی هەر حاڵەتێک لەهەرێمی کوردستان. ئەمەش بۆ زانینی توانای نەخۆشخانەکان و هەڵسەنگاندنی ژمارە و توانای ئامێر و پێداویستییە پزیشکییەکان. بۆ بەرزکردنەوەی ورەی نەخۆشەکان و ئاگاداربوون لە باری تەندروستییان، راستەوخۆ پەیوەندی کردووە بە تووشبووانی کۆرۆنا، بۆ ئاگاداربوون لە باری تەندروستییان، چۆنیەتی خزمەتگوزارییەکان، هەڵسوکەوتی پزیشکان و کارمەندان، هەبوونی دەرمان و پێداویستی پزیشکی لە نەخۆشخانە. هەمیشە پاڵپشتی خۆی بۆ هەموو پزیشکان و کارمەندان نیشانداوە و وەکو جەنگاوەر وەسفیان دەکات، پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵیان ئەنجام داوە بۆ ئاگاداربوون لە گریمانەی هەبوونی هەرکێشەیەک و پێزانینی خۆی بەکارەکانیان نیشانداوە، گوێبیستی کێشەکانیان بووە و بەڵێنی چارەسەرکردنی پێداون. ئەمە جگە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ بۆ ئاگاداربوون لە چۆنیەتی جێبەجێکردنی رێکارەکان و خەمخۆری بەردەوامی بۆ سێکتەری پەروەردە و زانکۆ و جەختکردنەوە لەسەر بەرەوپێشبردنی و ئاگاداربوون لە هەموو ئەو لایەنانەی بەهۆی ئەم قەیرانە جیهانییەوە تووشی هەرجۆرە پەشێوییەک بوونە.
 
هەروەک بەڕێزیان لە دوایین پەیامی بۆ هاونیشتیمانیان مەترسی پەتای کۆرۆنای نوێ کۆڤید-19 و سستی پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان جەخت دەکاتەوە کە نیگەرانی خێرا بڵاوبوونەوە نیشان دەدات. لەهەمان کاتدا نیگەرانیی بەڕێزیان لە بێنرخکردن و بێسوود نیشاندانی هەوڵەکانی حکومەت دەیدات بەمەستی ئامانجی سیاسی ژیانی هاوڵاتییان دەخەنە مەترسییەوە. هەربۆیە جارێکی دیکە رۆڵی بەڕێزیان لە ئاراستەکردنی هاونیشتمانیان و هاووڵاتییان ئەوەیە کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و لەژێر هیچ کاریگەرییەک تەندروستی خۆمان و کەسوکارمان و هاووڵاتیان نەخەنە مەترسی و پەیامی بەڕێزییان زۆر روونە کە پەیامی گرنگی و سەلامەتی هاوڵاتییانە پێش هەموو شتێکی دیکە.
 
ئەگەر بەچاوێکی بێلایەن و ئینسافەوە، سەیری بارودۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بکەین، دوای هەموو هەوڵ و رێگری و کۆسپانەی خرانە بەردەمی، بەهێزی ئەم حکومەتە و دونیابینی بەڕێز (مەسروور بارزانی)یمان بۆ دەردەکەوێت. ئەو هەمیشە لەبەرەی هاووڵاتیان دەمێنێتەوە، با ئێمەش پاڵپشتی بین، چونکە کابینەی نۆیەم دەستپێکێکە بۆ چاکسازی و کۆتاییهێنانە بە گەندەڵی، رێگریکردنە لە بەهەدەردانی سامانی وڵات و دانانی بناخەیەکی پتەوە بۆ کوردستانێکی بەهێزتر.

 


PM:11:48:01/06/2020