ئەو تۆمەتبارەی زیاتر لە 48 ملیۆن دیناری فەرمانبەرانی دزیبوو دەستگیر كرا

پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند" ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکردوە کە زیاتر لە 48 ملیۆن دیناری فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پیرمامی دزیبوو".

 

بەپێی ڕاگەیەنراوی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، دوای ئەوەی لە رێكەوتی 21/5/2020 پۆلیس ئاگادار كرایەوە كە كارمەندێكی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر بە ناوی (م.ع.ن) هەڵساوە بەدزینی كۆی مووچەی مانگی (كانوونی دووەمی 2020)ی فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئاوی پیرمام، كە بڕەكەی (48 ملیۆن و 708 هەزار و 400 دینار)ـە، لە لایەن پۆلیسی هەولێرەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ئەم مەبەستە كرایەوە. 

ئەوەشخراوەتەڕوو، پاش بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەیەكی ورد و چڕ، توانرا شوێنی تۆمەتباری ناوبراو بدۆزرێتەوە، كە دەیویست لەناحیەی (شرگات) خۆی حەشار بدات، بەڵام لە نزیك ناحیەی دیبەگەی سەر بە قەزای مەخموور بەپێی ماددە (453) لە یاسای سزادان دەستگیر كرا، كە پێش دەستگیركردنیشی ئۆتۆمبێلەكەی خۆی سووتاندبوو، تا تاوانەكە بشارێتەوە و بڵێ كە گوایە پارەكە لەناو ئۆتۆمبێلەكەدا سووتاوە، بەڵام دوای دەستگیركردنی، دەست بەسەر سەرجەم بڕە پارەكەدا گیرا و بۆ فەرمانگەی ئاوی پیرمام دەگەڕێندرێتەوە.




PM:01:30:02/06/2020