سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتی: بە بڕیارەکانی قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆدا بچنەوە و كه‌رامه‌ت و بژێوی و ته‌ندروستیی خه‌ڵك بپارێزن

سەرۆكایەتی یەكێتی پەیوەندی بە لایەنەكانی ناو حكومەتی هەرێمەوە كردووە و بە فەرمی داوایان لێكراوە پێداچوونەوە بكەن بە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەت كە بۆتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵك. 

 

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە سەرۆكایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند" ەرێمی كوردستان لەناو دوو قەیرانی ئابوری و تەندروستی سەختدایە و هەر چارەسەرێك پێشینار و پیادە دەكرێت لەلایەن حكومەتەوه،‌ پێویستە رەچاوی هەردوو قەیرانەكە بكات تا كەرامەت و تەندروستی و بژێوی خەڵك پارێزراو بێت و هیچیان نەكرێن بە قوربانی ئەویتر".

ئەو سەرچاوەیە راشیگەیاند" لە ئاستی سەرەوەی یەكێتییەوە داوا لە هێزە ئەمنییەكان كراوە بە هیچ شێوەیەك هێز و تووندوتیژی بەكار نەهێنن بەرامبەر خەڵك كە بۆ داوای پیاچوونەوە بە رێكارە راگەیەندراوەكانی وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم گردبوونەوەی ناڕەزایەتییان دەست پێ كردووه".‌ ئەو سەرچاوەیە وتی "ئەگەر بە هۆشیاری مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە نەكرێت، بۆشایی نێوان دەسەڵات و هاووڵاتی زیاتر دەبێت و زیان بە كەرامەتی هاووڵاتیان یان دەسەڵات دەكەوێت كە هیچیان لەبەرژەوەندی دۆخی هەرێمی كوردستان نابێت".

ئەو سەرچاوەیە‌ ئاشكرای كرد" لە سەرۆكایەتیی یەكێتی پەیوەندی كراوە لەگەڵ لایەنەكانی ناو حكومەتی هەرێم و بە رەسمی داوایان لێ كراوە پێداچوونەوە بكەن بە بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی وەزارەتی ناوخۆی حكومەت كە بۆتە هۆی ناڕەزایەتی خەڵك". ئەوەش روونكراوەتەوە " لەكاتێكدا حكومەت نەتوانێت لانیكەمی بژێوی خوشك و براكانمان دابین بكات‌، ناكرێت رێگەش‌ لە كار و كەسابەت و رزق و رۆزییان بگرێت". 

سەرچاوە ئاگادارەكە لە سەرۆكایەتیی یەكێتی وتیشی" بۆ رێگرتن لە تەقینەوەی دۆخەكە و رێگرتنیش لە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، پێویستە وەزارەتەكانی تەندروستی و ناوخۆ بە هاوكاری لایەنە پەیوەندارەكان رێكاری نوێ بگرنە بەر. لە جیاتی ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆی بچڕ بچڕ پیادە بكەن، پێویستە رێنمایی تووندی تەندروستی و خۆپارێزی لەناو بازاڕ و شوێنە گشتییەكاندا بچەسپێنن. تەنها ئەم رێگەیە‌ دەتوانێت وەڵامی داوای كاسبكاران و بژێوی خەڵكی كوردستان بداتەوە و لە هەمانكاتدا تەندروستیی گشتییش بپارێزێت".

سەرچاوەكە دەشڵێت" یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە پەرۆشییەوە هەوڵی پاراستنی بژێوی و تەندروستی و كەرامەتی هاووڵاتیان دەدات" و  داوای كرد "لایەنە پەیوەندارەكانی حكومەت بە زووترین كات پیاچوونەوە بە بڕیارەكەی وەزارەتی ناوخۆ دا بكەن، كە بێ گوێدانە داوا و خواستی زۆربەی دانیشتووانی شارۆچكە و ئیدارە خۆجێییەكان، بە مەركەزی بڕیارەكەیان خستۆتە بواری جێبەجێ كردنەوە و ئەمەش بۆتە هۆی ناڕەزایەتی گشتی و ئەگەری خراپبوونی دۆخەكە".




PM:01:38:02/06/2020