داواکاری گشتی داوایی یاسایی لەسەر شاسوار عەبدولواحید تۆمار کرد

داواکاری گشتی بە تۆمەتی هاندانی خۆپیشاندان داوای یاسایی لەسەر سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمارکرد. 

 

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە داواکاری گشتی ڕایگەیاند" لەسەر داوای ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان سکاڵا لەسەر شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمار دەکرێت".

 

هاوکات سەرچاوەکەی داواکاری گشتی ڕوونیشیکردەوە: تۆمارکردنی سکاڵاکە بە تۆمەتی هاندانی خۆپیشاندان و شکاندنی کەرەنتینە لەسەر سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تۆمار دەکرێت.

 

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ سێشەممە ٢ی حوزەیران شاسوار عەبدولواحید چووە ناو خۆپیشاندانی بەشێک لە هاوڵاتیان و کاسبکارانی شاری سلێمانی، کە خۆپیشاندانەکە دژی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ و داخستنی دوکان و بازاڕەکان بەڕێوەچوو. 



PM:01:08:03/06/2020