سەرۆک کۆماری عێراق لەگەڵ وەزیری دارایی کۆدەبێتەوە
سەرۆک کۆماری عێراق لە کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیری دارایی عەلی عەبدولئەمیر، جەختکراوەتەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیانی عێرق و موچەخۆران بێ جیاوازی.
راگەیاندنی سەرۆکی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە گرنگی ئەنجامدانی چاکسازی پێویست و بەگژاچوونەوەی گەندەڵی و کارکردن بۆ ئاراستەكردنی خەرجییەکانی حکومەت و پاراستنی سامانی گشتی و دۆزینەوەی سەرچاوەی دیکەی داھات، لە کاتێکدا کە عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاری ئابووری و پەتای کۆرۆنا بووەتەوە، ھاوکات تەئکیدیکردەوە لەوەی چارەسەرییە ئابوورییەکان نابێت کاریگەری دروست بکات لەسەر بژێوی ژیانی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەو توێژەی کە داھاتیان سنوردارە.
هەر لەو دیدارەدا جەختکرایەوە لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیانی عێراق و موچەخۆران بێ جیاوازی.
لە درێژەی دیدارەکەدا باس لەچۆنیەتی دۆزینەوەی رێگەچارەی پێویست کرا، بۆ پشتیوانیکردنی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و دانانی پلان و گرتنەبەری رێوشوێنی پێوسیت بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەی ئێستا، ھەروەھا گرنگی یەکخستنی هەوڵەکان لە نێوان هەمووان بۆ کەمکردنەوەی کورتھێنان لە بودجەی گشتی وڵات دا، بەجۆرێک کە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سەقامگیری ئابووری بۆ تەواوی گەلانی عێراق بھێنێتەدی.
لەلای خۆیەوە وەزیری دارایی ئەو رێوشوێنانەی خستە روو کە وەزارەتەکەی بە ئاراستەی چارەسەرکردنی دۆخی دارایی و ئابووری جێبەجێی دەکات، بەو جۆرەی کە پێویستە بۆ تێپەراندنی ئەم دۆخەی ئێستا، بەهەماهەنگی لە نێوان هەمووان و کەمکردنەوەی دەرئەنجامەکانی لە سەر ژیانی گشتی.
PM:04:55:04/06/2020