وەزیری تەندروستی هەرێم لەبارەی مانگرتنی پزیشکان ڕوونکردنەوە دەدات

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایگەیاند" داوامان لە وەزارەتی دارایی و ئابووری کردووە کە وەزارەتی تەندروستی وەک یەکەم وەزارەتی حکومەت مووچەی پێبدرێت". 
 
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پزیشکانی مانگرتوو لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی بە ڕووداوی ڕاگەیاند" چەند رۆژێکە گوێبیستی هەڕەشەی مانگرتن بووین لەلایەن خوشک و براکانی بەڕێز لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو و نیشتەجێی دێرین، وا دیارە ئەمڕۆ بەشێکیان دەستیان لە کار هەڵگرت بەهۆی ئەوەی داوادەکەن لە کاتی خۆیدا مووچەیان پێبدرێت. ئێمە لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر هێڵبووین و داوامان کردووە کە یەکەم وەزارەت مووچەی پێبدرێت وەزارەتی تەندروستی بێت".
 
وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند" کە لە ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی دارایی و ئابووری سەختدایە. مانگی رابردووش بەهۆی دۆخێکی زۆر سەخت توانرا مووچەی وەزارەتەکان دابەشبکات. هۆکاری دواکەوتنی ئەو مووچەیەش بەهۆی قەیرانی داراییەوە".

 

سەبارەت بەوەی کە ئەوان ناتوانن وەکو وەزیری تەندروستیی هەوڵی دابەشکردنی مووچەی وەزارەتی تەندروستیی بدەن؟ وەزیری تەندروستی بە ڕووداوی وت" داواکاریمان بۆ وەزارەتی دارایی بەرزکردووەتەوە کە مووچەی وەزارەتی تەندروستیی زوو دابەشبکرێت. بەڵام ناکرێت خوشک و برایانی پزیشک لەم دۆخە سەختەدا دەست لە دەوام هەڵگرن. چونکە ئەگەر مووچە هەبێت بەهیچ شێوەیەک دابەشکردنەکەی دواناکەوێت". 
 
دوای ئەوەی بەهۆی پێنەدانی مووچەوە بەشێک لە پزیشکانی نیشتەجێی خولاو لە سنووری پارێزگاكانی سلێمانی ‌و هەڵەبجە ‌و ئیدارەكانی گەرمیان ‌و راپەڕین نەخۆشخانەكانیان بەجێهشت، لە هەولێریش نزیکەی ٢٠٠ پزیشک نەخۆشخانەکانیان جێهێشتووە و داوای مووچەی مانگی شوبات دەکەن.



PM:09:06:06/06/2020