لە میدیاکانی پارتی دا تەنها " رووداو " ساڵیادی بوونی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێم کردەوە

ساڵێک بەسەر سوێندخواردنی نێچیرڤان بارزانی دا تێدەپەڕێت، لەنێو پێنج میدیای سیاسی پارتی دا، تەنها کەناڵی "رووداو" کە نزیکە لەناوبراوەوە یادی ئەو بۆنەیەی کردەوە، هاولآتیان لە تٶڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەمە بەڵگەیەکی تری ناکۆکی نێوان باڵی نیچیرڤان بارزانی و باڵی مەسرور بارزانی یە لەناو پارتی و حکومەت و دەزگا میدیاکاندا.

 

دوو رۆژە تۆڕی میدیای " رووداو" چەند بەرنامەیەکی لەسەر یەکەم رۆژی بوونی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێم سازکردووە، بەڵام میدیاکانی کوردستان ٢٤و زاگرۆس و کوردستان تیڤی و وار و، ژمارەیەکی بەرچاو لە رادیۆ و ماڵپەڕی پارتی بەدوور و نزیک خۆیان لە  قەرەی ئەو یادە نەدا، خەڵکانێک لە تٶرە کۆمەڵایەتییەکان باس لەوە دەکەن کە پێدەچێت نیچیرڤان بارزانی نوێنەری حیزبێکی تر  بێت لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، نەک پارتی دیموکراتی کوردستان.

 

ئەوە لەکاتێکدایە کە باس لە ناکۆکی و باڵ باڵێنی نێو پارتی دەکرێت لەنێو ئەم دوو ئامۆزا دەسەڵاتدارەی هەرێمدا، میدیاکانی پارتی جگە لەهێرشکردن، راستەوخۆ بوونی ناکۆکیەکی لەو شێوەیە رەتدەکەنەوە.

 

ناکۆکی نێوان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حوکمەت شۆڕبۆتەوە بۆ نێو کایەکانی حکومەت و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان، تا ئێستا سەرۆکی هەرێم نیچیرڤان بارزانی نە فەرماندەی هێزە چەکدارەکانەو، نە دەسەڵاتەکانی بەسەر دەزگای  ئەمنییەکانی  هەرێم دەڕوات، لە کاتێکدا بەپێی یاساکانی هەرێم ئەم دەسەڵاتانە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم.

 

ئەمە جگە لەوەی رۆژانە لەسەر کێشە سیاسی و ئابوریەکانی هەرێم ناکۆکی لەنیوان ئەو دوو بەرپرسەی بنەماڵەی بارزانی دا بەدیدەکرێت، کێشەی هەرە زەقیشیان مامەڵەکردنە لەگەڵ یەکێتی، کە نێچیرڤان بارزانی رایەکی نەرمتری هەیە بەرامبەر ئەو حیزبە، لە کاتێکدا مەسرور بارزانی رایەکی توندی هەیە.

 

 

 

 



PM:10:23:10/06/2020