ئەمڕۆ لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا، بە سەرپەرشتیی د.هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی کۆبوەوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی پارێزگای سلێمانی، لە کۆبونەوەکەدا قۆناغە مەترسیدارەکانی تەشەنەکردنی پەتای کۆرۆنا و چۆنێتی بەرەنگاربونەوەی گفتوگۆی لەسەرکرا و جەخت لەسەر بەردەوامبوون لە جێبەجێکردنی ڕێکارەکانی چاودێریکردن و خۆپارێزیی و هەماهەنگیی نێوان خەڵک و دامودەزگاکانی دەوڵەت کرانەوە.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، چەند بڕیارو ڕێنماییەکی پێویست بە دۆخی ئێستا دەرکران، لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا هەمولایەک ئاگاداردەکاتەوە، کە ئەگەر پابەندی خۆپارێزیی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن هەڕەشەیەکی جدیی لەسەر ژیان و گوزەرانیان دروست دەبێت و ژمارەی قوربانییەکان زیاتر دەبن.