دەمیرتاش لە نوێترین دەرکەوتنیدا پەیامێک بڵاودەکاتەوە

سەڵاحەدین دەمیرتاش رایدەگەیەنێت" بەرپرسانى پارتەکەمان لە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیەوە بەردەوام بانگەواز بۆ پێکهێنانى هاوپەیمانێتى دیموکراسى دەکەن، بەڵام بەردەوام بانگەوازەکە بەلاڕێدا دەبرێت".

 

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش، هاوسه‌رۆكی پێشوتری پارتی دیموکراتی گەلان(هەدەپە) لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "تویتەر" نوێترین وێنەی خۆی لە زیندان بڵاوکردەوەو هاوکات لە نوسینێکدا دەڵێت" داوا لە بەرپرسانی پارتەکەمان دەکرێت بۆ ئەنجامدانی هاوپەیمانێتییکی دیموکراتیانە لە بەرزترین ئاست، بەڵام ئەو داوایە لە چەندین روەوە شێوێنراوە بۆیە دەبێت رونکردنەوەی لەبارە بدرێت".

 

هەروەها لە پەیامەکەیدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشکردووە" پارتی دیموکراتی گەلان بەهیچ شێوەیەک هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری یان پارتی سونی نێودەوڵەتی کۆچبەران بەشێوەی نهێنێ یان ئاشکرا پێکنەهێناوە، تەنها لە چەند ناوچەیەکی گرنگ و هەستیار تاکلایەنە پاڵپشتی لە پارتی گەلی کۆماری کردوە، لەبەر باشترکردنی دیموکراسییەت لە وڵاتەکە".

 

سه‌ڵاحه‌دین ده‌میرتاش ئەوەشی نوسیوە" هەدەپە بەشێک نییە لە هاوپەیمانێتی گەل لە هەڵبژاردنەکاندا، بەڵکو لە هەڵبژاردنەکاندا لە دژی هەموان وەستاوەتەوە، لە نێوانیشاندا پارتی گەلی کۆماری".

راشیگەیاندووە" داوای پارتەکەیان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتی لەبەر دیموکراتییەتی وڵاتەکە نەک بۆ بەدەستهێنانی هاوکاری لە هەڵبژاردنەکاندا، دەیانەوێت لەرێگەیەوە داهاتویەکی پرشنگدار بۆ بنەماکانی دیموکراتییەت دروستبکەن".

دەمیرتاش وتیشی" هەدەپە دەسەڵات لە جەماوەری خەڵک وەردەگرێت و هەر لەلایەن جەماوەریشەوە سەرکۆنە دەکرێت، پێچەوانەی ئەوە هەرگیز رونادات، بەدڵنیاییەوە ئێمەش کەموکوڕیمان هەیە، بەڵام لەڕێگەی بانگەشەی یەکخوازی دەمانەوێت هەڵەکانمان چاکبکەینەوە و ئامانجەکانمان یەکبخەین و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پێشنیازە دەبێت لەلایەن سەرجەم کۆمەڵگاکانی تورکیاوە بێت".

 
سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە بەروارى (4/11/2016) دەستگیراکراوە و لە گرتوخانەى ئەدیرنا هێڵراوەتەوە، تائێستا چەند جارێک دادگایى کراوە و بڕیارى زیندانى کردنى لەسەر یەک دۆسیە بۆ دەرچوە بە زیندانیکردنى بۆ ماوەى پێنج مانگ، هەدەپەش دەستگیرکردنى دەمیرتاش و مانەوەى چوار ساڵى لە زیندان، وەک دەستبەسەرکردنێکى سیاسى ناو دەبات.



PM:01:33:13/06/2020