سەرۆکی پارێزەرانی هەولێر:بەهۆی دەستێوەردانەوە دۆسیەی کچە مناڵەکەی دەستدرێژیکرابووە سەر گەڕاوەتەوە دادگای لێکۆڵینەوە

باوکی ئەو کچە منداڵەی دەستدرێژی کرابووە سەر رۆژی هەینی دەستگیرکرا، پارێزەری دۆسیەکەش دەڵێت " دۆسیەی دەستدرێژی کردنە سەر کچەکە گەیشتبوە دادگای تایبەتمەند کە دادگای تاوانی هەولێرە، بەڵام بەهۆی دەستیوەردانەوە دۆسیەکە گەڕاوەتەوە دادگای لێکۆڵینەوە".

 

 
ئەیاد کاکەیی سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەرانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا ڕایگەیاند" لەسەر سکاڵای تۆمەتبارانی دۆسیەی دەستدرێژی کردنە سەر کچەکەی،لە مانگی ئازارەوە سکاڵا لەسەر باوکی کچەکە تۆمارکراوە".



لە درێژەی قسەکانیدا، ئەیاد کاکەیی وتیشی" بەهۆی دۆخی کۆرۆناوە باوکی کچەکە نەچووە بە دەنگ داواکەوە،بۆیە دواجار دادوەر بڕیاری دەستگیرکردنی دەرکردوە و ئێستا لە زینداندایە".



ناوبراو وتیشی" داوامان لە دادوەر کردوە بە کەفالەت ئازادی بکات،چونکە ئەو دوو مادەیەی کە باوکی کچەکەی پێی تۆمەتبارکراوە، کەفالەت دەیگرێتەوە و چاوەڕوان دەکەین دادوەر بڕیاری ئازادکردنی بدات".

 

ئەو پارێزەرە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دۆسیەی دەستدرێژی کردنە سەر کچەکە گەیشتبوە دادگای تایبەتمەند کە دادگای تاوانی هەولێرە،بەڵام بەهۆی دەستیوەردانەوە دۆسیەکە گەڕاوەتەوە دادگای لێکۆڵینەوە و هێشتا لێکۆڵینەوە بەردەوامە لە ڕوداوەکە.
 


هاوکات هەر ئەمڕۆ لە شاری هەولێر کەسوکاری یەکێک لە تۆمەتبارەکانی دۆسیەی دەستدرێژی کردنە سەر کچەکە، گردبونەوە و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا وتیان کوڕەکەی ئێمە بێ تاوانە و بەپێی هەموو بەڵگەکان لەکاتی ڕوداوەکەدا لەو شوێنە نەبووە.


 

لەبارەی وتەی کەسوکاری ئەو تۆمەتبارەوە، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای پارێزەران ڕایگایاند،دواجار دادگا بڕیار دەدات و هەموو بەڵگەکان پێشکەشکراون.

 


PM:03:06:14/06/2020