عێراق هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر هەرێم مەحکوم دەکات
حکومەتی هەرێم‌و سەرۆکایەتی بێدەنگە

فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەکانی عێراق کە گەورەترین دەستەی باڵای سەربازییە لە عێراق، بەتوندی هێرشی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر هەرێم و مەخمور و شەنگال مەحکوم دەکات، بەڵام سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم کە لایەنی پەیوەندیداری سەرەکین بەو بۆردومانەوە، وەک هەموو جارێکی تر بێدەنگن.


بەپێی بەیاننامەیەکی فەرماندەی هێزە هاوبەشەکان" پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە کە دوێنێ شەو ١٤ حوزەیران لە رێگای ١٨ فڕۆکەوە روویداوە، بەئاراستەی شەنگال و مەخمور و گوێر لە هەولێر تادەگات بە شرقات، کە شوێنێ نزیک ئاوارەکانی لە مەخمورو شەنگال کرۆدتە ئامانج، مەحکوم دەکەین".


هەروەها لەو بەیاننامەیەی ئۆراسیۆنە هاوبەشەکاندا هاتووە" فڕۆکەکانی تورکیا تا کاتژمێرەکانی درەنگانی شەو ئاسمانی عێراقیان پێشێل کردووە کە ئەمەش هەڵسوکەوتێکە مایەی نیگەرانییەو بەپێی رێککەوتنامە نێو دەوڵەتییەکان لەگەڵ پابەندوونی دراوسێتەیدا ناگونجێت و پێشێلکردنێکی تەواوی سەروەری عێراقە".


لە راگەیاندنەکەدا داوای راگرتن و دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە هێرشانە لەلایەنی تورکی دەکەن و، هاوکات ئامادەی خۆی نیشان دەدەن بۆ هاوکاری لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ راگرتنی ئارامی لەسەر سنوری هاوبەشی هەردوو وڵات.

 
ئەم هێرشەی فڕۆکەکانی تورکیا تا ئێستا لەلایەن سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران تادەگات بە سەرۆکی عێراق مەحکوم نەکراوەو بەیەک دێڕیش باسی نەکراوە.

 


PM:01:05:15/06/2020