وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا بانگهێشت دەکات

وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاشكرایكرد" فاتح یەڵدز باڵیۆزی توركیا بانگهێشت دەكات، ئەویش لەبەرانبەر بۆردومانی چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان".

 

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئه‌مڕۆ به‌هۆی بۆردومانه‌كانی باكوری عێراق و دروستكردنی مه‌ترسی له‌سه‌ر هاوڵاتیانی ناوچه‌ سنوریه‌كان، فاتح یه‌ڵدز بانگهێشتكراوه‌ و له‌لایه‌ن عه‌بدولكه‌ریم هاشم، بریكاری پێشكه‌وتوی وه‌زاره‌تی دەرە‌وه‌ پێشوازی لێكراوه‌ و ئیدانه‌ی پێشێلكاریه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ی كردوه‌ كه‌ به‌رامبه‌ر به‌ سه‌روه‌ری و خاك و ئاسمانی عێراق ئه‌نجامیداوه‌.

 

بریكاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌ باڵیۆزی توركیای راگه‌یاندووه‌" كه‌ هێرشه‌كانیان بۆسه‌ر باكوری عێراق پێچه‌وانه‌ی په‌یمانه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و یاسای نێوده‌وڵه‌تی و په‌یوه‌ندیی دۆستایه‌تی و دراوسێیه‌تی و رێگرتنی یه‌كتره‌".

 

داواشیكردووە: كرده‌وه‌ سه‌ربازیه‌كانی له‌خاكی عێراق رابگرێت و ئاماده‌یی حكومه‌تیشی نیشانداوه‌ بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ توركیا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌روازه‌ سنوریه‌كان بپارێزن به‌جۆرێك به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردو وڵات له‌به‌رچاو بگرن.

 

لای خۆشییەوە، باڵیۆزی توركیا ڕایگەیاندووە" یاداشتەكە دەگەیەنێتە لایەنی توركی بۆ ئەوەی كۆتایی بەو پێشێلكارییە بهێنرێت و جارێكی دیكە لە داهاتوودا نەكرێتەوە". 

 

ئەوە لەکاتێکدایە لە چەند رۆژی ڕابردوووە سوپای تورکیا بۆردومانی سنورەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای موسڵ دەکات و زیانی بە هاوڵاتیان گەیاندوە.

 
 

 

 




PM:02:50:16/06/2020