لەبەردەم شارەوانی هەڵەبجە كەسێك هەوڵیدا خۆی و چوار منداڵی بسوتێنێت

سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە ڕوونكردنەوەیەك لەسەر هەوڵی خۆسووتاندنی كەسێك و منداڵەكانی لەبەردەم بینای شارەوانی بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت" پاراستنی شوێنی گشتی و ڕێگری كردن لەزیادەڕۆیی ئەركی شارەوانیمانە". 

 

بەرزان عوسمان وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە لە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژەی بەوەکردوە" دوای ئەوەی هاوڵاتیەك داوای موڵكێكی گشتی دەكات بۆ مەبەستی فرۆشتنی سەوزە و میوە، بەڵام لەلایەن بەشی زیادەڕۆی شارەوانیمانەوە داوەكەی ڕەد دەكرێتەوە چونكە شوێنی گشتییە ئەمڕۆ ٢٠٢٠/٦/١٦ هاوڵاتی ئاماژەپێدراو لەبینای سەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە هەوڵی خۆسوتاندنی خۆی و مناداڵەكانیدا".

 

وتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە دەشڵێت" فەرمانبەرانی سەرۆكایەتی هەڵەبجە و هێزەكانی بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی شارەزوورو بەشی پۆلیسی شارەوانی بەریان لەو ڕوداوە نەخوازراوە گرت".

 

ڕاشیگەیاند" ئەو شوێنە پێشتر دوو هاوڵاتی تری لەسەر دراوەتە دادگا ئێمە لەسەرۆكایەتی شارەوانی هەڵەبجە ڕێگر نین لە كاسپی و قوتی هیچ هاوڵاتیەك و هاوشارییەك بەڵام پاراستنی شوێنی گشتی و ڕێگری كردن لەزیادەڕۆیی ئەركی شارەوانیمانە و پێویستە سەرجەم چین و توێژەكان و لایەنە پەیوەندیدارەكان هاوكارمان بن". 



PM:05:36:16/06/2020