پارێزگاری سلێمانی پەیامێکی بەپەلە بڵاودەکاتەوە

پارێزگاری سلێمانی، د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پەیامێکی بەپەلە بۆ ئەو کەسانە بڵاودەکاتەوە کە لە کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، داوایان لێدەکات پلازما ببەخشن بۆ ئەوەی ژیانی هاوشاریەکانیان چاک بکەنەوە.

لەو پەیامەدا هاتووە " دۆخی تەندروستیی ژمارەیەک لە هاونیشتمانیەکانتان، کەسوکارو ئازیزانتان، بەهۆی گیرۆدەبوونیان بە پەتای کۆرۆناوە، لە بارێکی مەترسیداردان، ژیانیان پێویستی بە هەڵمەت و هەناسەو هەنگاوی ژیرانەو مەردانەو خۆنەویستانەو دڵسۆزانەی ئێوە هەیە، داواخوازین بەشداریبکەن لە بەخشینی پلازمای خوێن بۆئەوەی بە ویژدانێکی ئاسودەوە بەشداریبکەن لە ژیاندنەوەی مرۆڤایەتیدا." 

د، هەڤاڵ ئەبوبەکرد دەڵێت "پارێزگای سلێمانی جگەلەوەی بۆ مێژووی ئەم نیشتمانە ناوی بەڕێزتان (لە لیستی گەشی ژیاندنەوەی مرۆڤایەتیدا) تۆماردەکات، ئامادەیە خەڵاتی هەرکەسێکیش بکات، کە دەستپێشخەریی لە بەخشینی پلازمای خوێندا دەکات. ژیان چاوەڕێتانە".

وتەبێژی تەندروستی سلێمانی د. یاد خۆشناو ئەمڕۆ سێ شەممە رایگەیاند دۆخی تەندروستی ٧٥ نەخۆشی کۆرۆنا دۆخیان خراپە.

 


PM:09:49:16/06/2020