عێراق لەبارەی وەڵامدانەوەی سەربازی تورکیا روونکردنەوە دەدات



وتەبێژی هێزە هاوبەشەكانی عێراق روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە لەبارەی وەڵامدانەوی سەربازیی لەشكركێشییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان.


لەمیانی لێدوانێكیدا لیوا تەحسین خەفاجی، وتەبێژی هێزە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند "لە چالاكییە سەربازییەكانی ئەمدواییانەیدا بۆ سەر خاكی هەرێم، توركیا لەگەڵ عێراق راوێژی نەكردوە، پێویستە لەو روەوە لەنێوان توركیا و عێراق هەماهەنگی و راوێژ هەبێت".

 
خەفاجی ئاماژەی بەوەشكرد، كار و چالاكی تاكلایەنە پەسەندكراو نییە، رونیشیكردەوە "بەكارهێنانی بژاردە و رێكاری سەربازی دژ بەو لەشكركێشییانە پەیوەستە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق كە مستەفا كازمییە، ئەو خاوەن بڕیارە و هەر فەرمانێكمان پێی بكات ئەنجامی دەدەین".

 
ئەمڕۆ بۆ دووەم جار عێراق باڵوێزی تورکیای لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بانگکراو جگە لە مەحکومکردنی ئەو لەشکرکێشیە، هاوکات داوا لە تورکیا کراوە کە کە هەرچی هێزی هەیە لە عێراق بیکشێنێتەوە.

 


PM:10:30:18/06/2020