سەرۆکایەتی پەرلەمان شەهیدبوونی هاوڵاتیان بەهۆی هێرشی تورکیا ئیدانە دەکات

سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، شەهیدبوونی چەندین هاووڵاتی سنوری پارێزگای دهۆک بەهۆی دوایین هێرش و پەلاماری سەربازی تورکیاوە ئیدانە دەکەین، رایگەیاند " لە چەند رۆژی رابردوودا بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆ سەر هێزەکانی پارتی کرێکاران (پەکەکە)لە ناوچە سنورییەکان ، چەندین هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بوونە قوربانی و شەهید بوون".



لەو راگەیاندنەدا هاتووە " وێڕای ئیدانەکردنی شەهیدبوونی ئەم هاووڵاتیانە بە هۆی هێرش و پەلامارەکانی تورکیاوە، پرسەو سەرەخۆشی زۆری خۆمان ئاراستەی کەسوکاری شەهیدەکان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین، پێمان وایە بەئەزموونی سەرجەم ئۆپەراسیۆن و شەر و لەشکرکێشی و پەلاماری چەکداری رابردوو، هیچ پرسێک بەشەڕ و رووبەرووبوونەوەی سەربازی چارەسەر ناکرێت و بەردەوامی خوێن رشتن لە هەر لایەکەوە بێت، ئاشتی زیاتر دوور دەخاتەوەو کۆسپی زیاتر بۆ دیموکراسیەت و چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا دروست دەکات."


هەروەها لە راگەیاندنەکەدا هاتووە "پشتیوانی تەواوی خەباتی مەدەنی و دیموکراسی و پەرلەمانین بۆ چارەسەری پرسی کورد و کۆتایی هێنان بە شەرو کوشتار و لەشكرکێشی و بوونە هۆکاری گیان لە دەستدانی خەڵکی سڤیل و سوتانی رەز و باخ و وێرانبوونی دێهاتەکانی هەرێمی کوردستان، داواکارین هیچ وڵات و هێزو لایەنێک خاکی هەرێمی کوردستان و سنورەکانی بۆ هێرش و پەلامار و لەشکرکێشی و تۆپباران و کەوتنەوەی قوربانی لە ناو خەڵکی مەدەنی هەرێمەکەمان بەکارنەهێنێت".


سەرۆکایەتی پەرلەمان لە کۆتایی راگەیاندنەکەدا دەڵێت "پشتیوانی ئەوەین هەرێمی کوردستان پەیوەندیەکی بەهێزی دۆستانەی لەگەڵ تورکیا و ئێران و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە هەبێت لەسەر بنەمای رێزگرتن لە بەرژەوەندیە هاوبەشەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانی وکەلتوریەکان".
 


AM:01:03:20/06/2020