پارتی بەبێ مەحکومکردنی لەشکری تورکیا، بەپەکە دەڵێ: چۆڵیکەن

پارتی دیموکراتی  کوردستان بەیاننامەیەک دەردەکات و بەبێ ئیدانەکردنی لەشکرکێشی تورکیا، بە پەکەکە دەڵێت "ئەگەر پابەندی بڕیارەکانی حکومەتی هەرێم نابیت، چۆڵی بکە"، بە ناڕاستەوخۆ بەلاهوری شێخ جەنگیش دەڵێت" خەبات و حوكمڕانی بە موزایەدات و سیاسەتی نابەرپرسانە ناكرێت".


دەقی راگەیێندراوەکەی پارتی
 
زۆر نیگەرانین بەرانبەر گرژی و پەرەسەندن و ئۆپەراسیۆنی سەربازی و تۆپباران و بوردومانەكانی توركیا و ئێران بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان، كە بووەتە هۆی دڵەڕاوكێی هاووڵاتیانی سڤیل و ناسەقامگیری لە ناوچە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان.
 
ئەم بابەتە تازە نییە و لە ساڵانی ڕابردوویش دووبارە بووەتەوە. هەموو جار و ئەم جارەیش قسەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی ئەم دوو وڵاتە كردووە و نیگەرانییەكانمان پێ ڕاگەیاندوون. ئەوان جەختیان لەوە كردووەتەوە كە هیچ جۆرە دژایەتیێكیان بەرانبەر هەرێم نییە و هۆكاری بوردومانەكان بوونی هێزە چەكدارە ئۆپۆزیسیۆنە كوردییەكانە كە لەناو خاكی هەرێم، كردەی سەربازی دژی ئێران و توركیا ئەنجام دەدەن. 
 
ئێستا پەكەكە نزیكەی پێنجسەد گوندی هەرێمی كوردستانی لەبەردەستە و ئێمە چاوپۆشیمان لێ كردووە بەڵام ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت بەهۆی بوردومانەكان زیانی گەورەتر بە هەرێم دەكەوێت و شوێنەكانی تری هەرێمیش دەكەونە ژێر مەترسی. 
 
پێویستە گشت لایەكیش لەوە تێ بگات كە خەبات و حوكمڕانی بە موزایەدات و سیاسەتی نابەرپرسانە ناكرێت. بۆیە پێشتر گوتومانە و ئێستایش دەیڵێینەوە كە ئێمە لەگەڵ خەباتی سیاسی و ڕێكاری ئاشتیانەین بۆ چارەسەركردنی پرسی كورد لە پارچەكانی تر و ئەگەر پەكەكە و لایەنە چەكدارەكانی تر ناتوانن پابەندی بڕیار و حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان بن با شەڕ و چاڵاكییەكانیان بگوازنەوە بۆ مەیدانی ڕاستەقینەی خۆیان و چیتر نەبنە مایەی هەڕەشە و ماڵوێرانی بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان.
 
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٠ـی٦ـی٢٠٢٠
 


PM:02:48:20/06/2020