یەکگرتووی ئیسلامی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكی سەبارەت بە هێڕشەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم بڵاوکردەوەو ڕایدەگەیەنێت" وێڕای نیگەرانی و ڕەتكردنەوەی ئەم شەرە نابەرامبەر و خوێناویە، دەخوازین ڕاشكاوانە بەهەموو لایەكی ڕابگەیەنین. هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمە ناڕازی بوونە لە چارەسەری سەربازی و ئەمنی بۆ كێشەكان، هەوڵی زۆریشمان داوە بۆ گەیاندن و بەئەنجام گەیاندنی ئەم هەڵوێستە، خەباتی سەردەم دەبێ سیاسی ومەدەنی بێ و لەناوخۆی وڵاتەوە بێ، هەروەك وەڵامی دەوڵەت ئەبێ مەدەنی و دیموكراسی و قبولكردنی نازی هاوڵاتی بێ". 

 

دەقی ڕاگەیەنراوەكە:

سەبارەت بە بارودۆخی نەخوازراوی شەڕی سوپای توركیا وگەریلاكانی پەكەكە لە سەر خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجومەنی جێبەجێكردنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاننامەیەك بۆ رای گشتی بڵاو دەكاتەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی :

بەداخ و نیگەرانیەوە جارێكی تر شاهێدی شەڕی سوپای توركیا وگەریلاكانی پەكەكە دەبینەوە، بەوبۆنەیەشەوە بۆمبباران وكاولكاری و شەهید بوونی هاووڵاتیانی سڤیل لەسەرزەمینی هەرێم سەرهەڵئەداتەوە .. هەمولایەكی ناوخۆ و دەرەكیش جگە لەتەماشاكردن و هەندێ قسەی دوبارە هیچ ناكەن یان هیچیان پی ناكرێ ..

ئێمە لەیەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وێڕای نیگەرانی ورەتكردنەوەی ئەم شەرە نابەرامبەرو خوێناویە ، دەخوازین راشكاوانە بەهەمو لایەكی رابگەیەنین .هەڵوێستی نەگۆڕی ئێمە نارازی بوونە لە چارەسەری سەربازی وئەمنی بۆ كێشەكان ، هەوڵی زۆریشمان داوە بۆ گەیاندن وبەئەنجام گەیاندنی ئەم هەڵوێستە .. خەباتی سەردەم ئەبێ سیاسی ومەدەنی بێ و لەناوخۆی وڵاتەوە بێ ، هەروەك وەڵامی دەوڵەت ئەبێ مەدەنی و دیموكراسی و قبولكردنی نازی هاوڵاتی بێ.

ئەم شەڕانە پەرچەكرداری و دووبارەو بێ ئەنجامن، بەزیانی خاك وخەڵكی كوردستانە و ئیستینزافیە و كۆتایی نایێ.. نابێ هیچ لایەنێك ئیجازە بەخۆی بداو بەناوی خەباتی نەتەوەییەوە نەهامەتی و كارەسات بۆ گەل و وڵات بەرهەم بهێنێت .

مێزی گفتوگۆ ودانوستان لەم سەردەمەدا تەنیا میكانیزم ورێگای بەئەنجامگەیاندنی هەموو پرس ودۆزێكی رەوایە .. بەرهەمی كەمی ئە و مێزە لە زۆری تر باشتر و بەردەوامترە ..

ئەنجومەنی جێبەجێكردنی
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
20/6/2020



PM:11:15:20/06/2020