نەوەی نوێ: بڕیارەکەی حکومەتی ھەرێم ڕەت دەکەینەوەو دژی بڕینی موچەی فەرمانبەرانین

فراکسیۆنی نەوەی نوێ ڕایدەگەیەنێت" ئێمە وەک فڕاکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان بڕیارە نایاساییەکەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەت دەکەینەوە سەبارەت بە بڕینی موچەی موچەخۆران بەھەر بیانویەک بێت". 

ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان بڵاویکردەوە، بەداخەوە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەجیاتی چاکسازی لەداھاتی نەوت وگاز و گەڕاندنەوەی دەیان ملیار دۆلاری دزراوی ئەم وڵاتە و بڕینی داهاتی مانگانەی کۆمپانیاکانی ،کەچی لەبڕیارێکی تەواو نایاسایی وبەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان ھاتوە دەست بۆ قوت وبژێوی فەرمانبەران دەبات کەبەھیچ شێوەیەک جێگای قبولکردن نیە، بۆیە داوا لە موچەخۆرانی سەربەرز دەکەین ھەڵوێست وەرگرن وئەم بێ ڕێزی ونادادی و زوڵمەی دەسەڵات ڕەت بکەنەوە، پێویستە ھەموو چین وتوێژەکان پشتگیری یەکتر بکەن لەبەرامبەر ستەمی دەسەڵات بوەستنەوە ، بێگومان ئێمەش بەھەموو شێوەیەک پاڵپشتیانین ولەگەڵ خواست وداوا ڕەواکانیان دەبین ،لەداھاتوشدا ھەنگاوی تر دەنێین.

ئاماژە بەوەشکراوە" ئێمە دەمێکە ڕامانگەیاندوە کە ئەم حکومەتە شکستی ھێناوەو ناتوانێت بەردەوام بێت لەحوکمڕانی و ئیدارەدانی ئەم ھەرێمەو بەھیچ شێوەک ناتوانێ چاکسازی بکات ، بۆیە پێویستە پێداچونەوە بە تەواوی دامەزراوەکاندا بکرێت و حکومەت بکەوێتە دەست خەڵکانێک کە دەتوانن کێشەی هاوڵاتییان چارەسەر بکەن و هەنگاوی جدی بنێن بۆ باشکردنی دۆخی خەڵک". 

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوەشکراوە" ئەم بڕیارە نایاساییەی حکومەتی ھەرێم بۆ بڕینی بەشێک لەموچەی فەرمانبەران ھەرسێ لایەنی سەرەکی پێکھێنەری حکومەت لێی بەرپرسیارن ودەبێت ڕاستگۆیانە بەھاوڵاتیانی ھەرێم ودەنگدەران وئەندامانی خۆیان بڵێن کەئەوان ئەو بڕیارەیان داوەو بەرپرسارێتیەکەشی لەئەستۆ بگرن، نەک بە رۆژ لە حکومەتدا بڕیار بدەن و  قوتی خەڵک ببڕن، کەچی بە شەو وەک ئۆپۆزسیۆن خۆیان دەربخەن". 

ڕاشیانگەیاند" ناکرێت لەمە زیاتر خەڵکی ھەرێمی کوردستان باجی دەسەڵاتێکی گەندەڵ وستەمکارو بێ باک بدات ،کە چارەنوسی میللەتاکەمان بەرەو داھاتویەکی تاریک و نادیار دەبات". 

 

ڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕياریدا کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە ڕێژەی لەسەدا ٢١ کەمبکرێتەوە. 



AM:11:35:22/06/2020