وەزیری دارایی: بڕیاری کەمکردنەوەی مووچە بڕیاری هەموو ئەندامانەو بەسە موزایەدە

وەزیری دارایی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت" بڕیاری کەمکردنەوەی موچە کە تەنها بۆ ئەم مانگەیە بەرپرسیارێتیەکەی دەكەوێتە،سەر هەمو ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران و بڕیاری هەمومان بوە، دەشڵێت:"ئەوانەیبەشێكی گەورەی ئەم گەندەڵیانەی هەیە لە ئەستۆیاندایە باشتر وایە لە جیاتی موزایەدەو یاریكردن بە دۆخی خراپی دارایی و دەرونی هاوڵاتیان، بەشداریان بكردایە لە پڕکردنەوەی لە پڕکردنەوەی كورتهێنان و دابینكردنی موچە".


ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی " سبەی " راگەیاندووە " لەم دۆخە نەخوازراوانەدا توانای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ دابینكردنی موچە تەواو لاوازبو، بۆیە ئەنجومەنی وەزیران چەند بژاردەیەکی لەبەردەستدا بو، ئەوانیش؛ یەکەم: موچە نەدرێت، دوەم: (60)رۆژ جارێك موچە بدرێت و ئەو كاتەش موچە دەبو بە (50%) بۆ هەر مانگێك، سێیەم: هەندێك وەزارەت موچە وەربگرن و ئەوانی دیكە لێی بێبەش بن و چاوەڕوان بن، چوارەم بە پێی رێژەی كورتهێنانەكە موچە كەمبكرێتەوە و واتە بە رێژەی (34%)، بژاردەی پێنجەم ئەبو کە هەوڵبدرێت لە رێگەی قەرزەوە كورتهێنانەكە کە بە رێژەی (34%)ـە داپۆشرێت، بەڵام بە داخەوە بڕی ئەوپارەیەی قەرزكرا بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانەكە، بەشی داپۆشینی هەمو كورتهێنانەكەی نەكرد و تەنها بۆ کورتهێنانی بودجەی بۆ (21%) دابەزاند".


دەشڵێت: "بۆیە ئەنجومەنی وەزیران بە ناچاری لەو پێنج بژاردە خراپە ئەمەیان هەڵبژارد كە كەمترین زیانی بۆ موچەخۆر هەیە و پەسەندكردنەكەش بە پێی چەند مەرجێک بوە لەوانە؛ كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی و كەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەتی لێ بەدەر کراوە و ئەو كەسانەش ناگرێتەوە كە موچەكەیان لە خوار (300) هەزار دینارەوەیە، جگە لەوە هەمو وەزارەت و دەستەكانی دیكەی گرتوەتەوە بەبێ جیاوازی و بە هەمان رێژە واتە (پێشمەرگە و ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ و دادوەری...هتد)".

 
ئەوەش دەخاتەڕو کە بڕیارەکە بۆ پلە تایبەت و باڵاکان جیاوازە و ئەوان تەنیا (50%)ی موچەكانیان خەرجدەكرێت و هەمو وەزارەت و دەستەكان راسپێردراون بە میكانیزمێك موچە دابەش بكەن ئەوانەی موچەیان كەمە كەمیان بەركەوێت و ئەوانەشی موچەكەیان زۆرە، بەرێژەی زیاتریان لێ ببڕن. واتە ئەم كورتهێنانە موچە نزمەكان بەرێژەیەكی كەمتر دەگرێتەوە. مەرج نییە (20%)بێت.


هەروەک دوپاتی دەکاتەوە کە ئەم بڕیارەی ئەنجومەنی وەزیران كاتییە، چونكە هەر ئەوەندە تەمویل لەبەردەستدابوە.

 


PM:06:07:22/06/2020