سعودیە لەبارەى حەجى ئەمساڵەوە بڕیارێکى نوێى دەرکرد

سعودیە بڕیاریدا ئەمساڵ تەنها هاووڵاتیانی دانیشتوی وڵاتەكەی خۆی بۆیان هەبێت فەریزەی حەج جێبەجێ بكەن و موسوڵمانانی وڵاتانی تر ناتوانن سەردانی ئەو وڵاتەكە بكەن.

 

لە راگەیەنراوێکدا وەزارەتى حەج و عەمرەى سعودیە بڵاویکردەوە، بە لەبەرچاوگرتنى رەوشى تەندروستى جیهان و زیادبوونى ئامارەکانى تووشبوون لە نێوخۆى وڵاتەکەدا و بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتى تەندروستى وڵاتەکە، سعودیە بڕیاریداوە بۆ مەراسیمى حەجى ئەمساڵ (١٤٤١)ى کۆچى، تەنها ڕێگە بەو کەسانە بدرێت حەج بکەن کە لە ئێستادا لەناوخۆى وڵاتەکەدان و ڕێگە بە هیچ کەسێک نادرێت بۆ حەجکردن بچێتە ئەو وڵاتە.

 

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، ئەمساڵ هیچ حاجییەك لە دەرەوەی عەرەبستانی سعودییەوە وەرناگیرێت و حەج تەنها لەلایەن ئەو كەسانەوە ئەنجامدەدرێت، كە لەئێستادا لەناو وڵاتەكەدان بێ رەچاوكردنی رەگەزنامە و نەتەوە و جیاوازییەكان.

 

ئەوەش لە کاتێکدایە، تائێستا (١٦١) هەزار حاڵەتى توشبوون و (١٣٠٠) گیان لەدەستدان بە کۆرۆناى لە سعودیە تۆمارکراوە.

 

ساڵانە نزیکەی دوو ملیۆن موسڵمان بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج سەردانی سعودیە دەکەن، ساڵانە زۆرترین پشکی ئەوانەی کە ناویان بۆ حەج دەردەچێت بە ئەندەنووسیا دراوە، کە ٢٠٠ هەزار حاجییە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی کۆرۆنا بەرپرسانی ئەو وڵاتە گەشتکردنیان قەدەغە کردووە. 

 



PM:11:27:22/06/2020