لەبارەی مووچە لقی هەولێری سەندیكای پزیشكان هۆشداری بە حکومەت دەدەن

سەندیكای پزیشكان لقی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" بە هیچ شێوەیەك دەست نەبرێت بۆ دەستكاری مووچەی ئەم توێژە گرنگەی كۆمەڵگە كە لە ئێستادا زیاتر لە هەموو كات لە ئەركدان و كاریان پڕ لە مەترسییە". 

 

سەندیكای پزیشكان لقی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا کە کۆپییەکی دەست "سپی" کەوتووە، هۆشداری دەداتە حكومەت لەبارەی دەستکاریکردنی مووچەی پزیشكان و تەندروستكاران ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی كە ڕوونە، بڕیار دراوە دەستكاری موچە بكرێ تاكو بتوانرێ ئەم قۆناغە سەختەی دارایی تێبپەڕێنرێ، بەڵام ئەو بڕیارەتان جێگای نیگەرانی ئێمە و تەواوی پزیشكان و تەندروستكارانە چونكە:

١. لە سەرەتای سەرهەڵدانی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی و پەرستارانی سنوری پارێزگای هەولێر دڵسۆزانە و خەمخۆرانە ئەركی سەر شانی خۆیان بەجێ گەیاندووە، ئەمە سەرەڕای تێپەڕبوونی شەش مانگی ساڵ، له كاتێكدا تەنها مووچەی مانگی یەك دراوە.

٢. لە چەند مانگی ڕابردوو، زۆرینەی فەرمانبەرانی وەزارەتەكانی تر لە پشودابوون، بەڵام زۆرینەی پزیشكان و تەندروستكاران لە كاری فەرمی بوون و سیستەمی ئێشكگری پەیڕەو كراوە.

٣. كاكردنی پزیشكان و تەندروستكاران لەم دۆخە پڕ لە فشاری دەروونیەدا كە زیاتر لە هەموو كەس مەترسی توشبونیان لەسەرە، كە تاكو ئێستا سەدان پزیشك و كارمەند و پەرستار تووشبوونە بەم پەتایە.

٣. لە كاتێكدا، لە زۆربەی وڵاتان بڕیار دراوە مافی زیاتر بدرێ بە پزیشكان و تەندروستكاران تاكو سارد نەبنەوە لە كاركردن و دڵسۆزانە بەردەوام بن لەم دۆخە نا لە بارەدا. حكومەتی عێراق بڕیاری پێدانی سەرموچە و بەرزكردنەوەی موچە( علاوە و ترفیع)داوە، سەرەڕای پێدانی پارچە زەوی.

٤. پزیشكانی گەنج بە دۆخێكی زۆر سەختی ئابوریدا تێپەڕ دەبن، بەو پێیەی تاكە سەرچاوەی داراییان موچەیە، لە كاتێكدا ئەركی پزیشكیان بەردەوامە لە ناوەندی شار تاكو سنوری حاجی ئۆمەران.

لە کۆتای ڕاگەیەندراوەکەدا سەندیكای پزیشكان لقی هەولێر داوا دەكەن بە هیچ شێوەیەك دەست نەبرێت بۆ دەستكاری مووچەی ئەم توێژە گرنگەی كۆمەڵگە كە لە ئێستادا زیاتر لە هەموو كات لە ئەركدان و كاریان پڕ لە مەترسیە. بە پێچەوانە خراپی باری ئابوریان كاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر چۆنیەتی كاركردنیان لەم دۆخەدا.
 



AM:12:26:23/06/2020