سێ لایەنی چەپی کوردستان: هاوڵاتیان مافی خۆیانە بە ئاشتیانە تێکۆشان بکەن بۆ گۆڕینی ئەم سیاسەتە


هەر سێ لایەنی شیوعی و زەحمەتکێشان و بزووتنەوەی گەلی دیموکراتی، لەبارەی دۆخی سیاسی و ئابوری هەرێمی کوردستانەوە، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوەو جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە گەلی کوردستان مافی خۆیەتی بەشێوەی ئاشتیانەو مەدەنی تێکۆشان بکات بۆ گۆڕینی ئەم سیاسەتە.

 
هەر سێ لایەنی چەپی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی هاوبەشیان لەبارەی کەمکردنەوەی موچەی فەرمانبەرانەوە بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە"ئەوەی لە کوردستاندا ڕوو دەدات تەنها قەیرانێکی دارایی نییە کە بەهۆی کۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت ڕوویدابێت، بەڵکو قەیرانێکی ئابورییە و هۆکارەکەی بۆ سیاسەتی ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە کە چەندین ساڵە پەیڕو کراوە، و حکومەتی ئێستاش بەردەوامە لەسەر هەمان سیاسەت کە سەرجەم بوارەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی بێ سەنسۆر و چاودێری و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان بۆ کەرتی تایبەت بەڕەڵاکردوە لە سایەی ئابورییەکی بەرخۆر کە بۆتە هۆی خزمەتکردنی بۆرژوای بیروکرات و مشەخۆر و زیادبوونی دیاردەی هەژاری و برسێتی".


دەقی راگەیەندراوەکە:


ڕاگەیاندراوی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی


ناکرێ جارێکی دیکە بارگرانی قەیرانەکان بخرێتە سەرشانی خەڵکی زەحمەتکێش و کەمدەرامەت.

 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دووا کۆبونەوەی خۆی لە 21 حوزەیراندا ڕایگەیاند کە تەنها 79% شایستەی دارایی موچە بۆ ئەم مانگە دابین دەکات و 21% دیکە لە رێگای بڕینی موچەی فەرمانبەران بێ ئەوەی ناوی لێ بنێت پاشەکەوت، دابین دەکات، لە کاتێکدا تا ئێستا چارەنوسی پاشەکەوتەکەی ساڵانی پێشتر دیار نییە، و لایەنەکانی حوکمرانیش لە ڕاگەیاندنی هەڵبژاردنی پێشوو بەڵێنی نەگەڕانەوە بۆ پاشەکەوت و دابینکرنی فرسەتی کاریان بە خەڵکی دەدا.
سەبارەت بەم هەنگاوەی حکومەتی هەرێم هەر سێ لایەنی لێژنەی کاری هاوبەشی چەپی کوردستانی ئەم تێبینیانەیان هەیە:


1ـ لە کاتێکدا لەوە تێدەگەین کە دەبێ بەشێک لە چارەسەرەکان لە سەر ئەستۆی خاوەن پلە باڵاکان بن، و بۆ ئەم مەبەستە نیوەی شایستەی دارییان بدرێتێ، بەڵام ناکرێ جارێکی دیکە دەستببرێت بۆ بڕینی موچەی فەرمانبەرانی کەم دەرامەت کە زۆربەی هەرەزۆری موچەخۆرانی هەرێم پێکدێنن، و لە سەرتای ساڵی 2020وە تەنها دوو موچەیان وەرگرتوە.


2ـ ئەوەی لە کوردستاندا ڕوو دەدات تەنها قەیرانێکی دارایی نییە کە بەهۆی کۆڕۆنا و دابەزینی نرخی نەوت ڕوویدابێت، بەڵکو قەیرانێکی ئابورییە و هۆکارەکەی بۆ سیاسەتی ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەرێتەوە کە چەندین ساڵە پەیڕو کراوە، و حکومەتی ئێستاش بەردەوامە لەسەر هەمان سیاسەت کە سەرجەم بوارەکانی بەرهەمهێنان و بازرگانی بێ سەنسۆر و چاودێری و بەپێی یاسا کارپێکراوەکان بۆ کەرتی تایبەت بەڕەڵاکردوە لە سایەی ئابورییەکی بەرخۆر کە بۆتە هۆی خزمەتکردنی بۆرژوای بیروکرات و مشەخۆر و زیادبوونی دیاردەی هەژاری و برسێتی بە تایبەتی لە هەلومەرجی بڵاوبونەوەی پەتای کۆڕۆنا کە مەترسی داڕمانی سیستمی تەندرووستی لە ئارادایە. 


3ـ  قەیرانی ئابوری کوردستان هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕەوشی بارگرژی لە گشت ناوچەکە، کە تیایدا بە ئاشکرا هەماهەنگی دەوڵەتانی تورکیا و ئێران و عێراق دژ بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان هەیە، و لەشکرکێشی تورکیا و بۆردومانی ئێران بۆ خاکی باشوری كوردستان و  بەردەوامبوونی رێکەوتنی سەربازی تورکیا و عێراق کە لە کاتی رژێمی بەعس مۆرکراوە، ئاماژەیەکە بۆ ئەو ڕاستییە، و تێکرای هەنگاوەکانی ئەو دەوڵەتانە لەمبەرخستنە بەردەم هەر نزیکبوونەوەیەکی لایەنەکانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمان لە هەر پارچەیەکدا وه ك ئەوەی کە ئیستا لە رۆژئاوادا بەئەنجام گەیشت.


4ـ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە جیاتی سیاسه تی یەک هەڵوێستی بەرامبەر پێشهاتە نوێکان، هەر لایەنێکی ئیتلافی حوکمران هەڵوێست و هاوپەیمانی جودایان هەیە و سوود لە ئەزمونەکانی پێشتر وەرناگرن کە بە پشتبەستن بە هۆکاری دەرەکی مافی گەلی کوردستان ناپارێزرێت، و لە جیاتی یەک هەڵوێستی و کاراکردنی دامەزراوەکان و بنیاتنانی بنەماکانی حوکمرانی باش و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی، خەریکی ململانێی لاوەکین. بەمەش بارگرژیان بۆ خەڵکی کوردستان درووست کردوە و بونەتە هۆی توره بوونی ناوەندیكی فراوانی جەماوەر و لاوازکردنی گیانی موقاوەمت و داکۆکیکردن لە مەسەلە نیشتمانییە کوردستانییەکان.


5ـ لایەنەکانی لێژنەی چەپی کوردستانی لەو قەناعەتەدان کە رێگای مامەڵەکردن لە گەڵ قەیرانەکانی کوردستان بە درووستکردنی زەمینەی سەقامگیری سیاسی ناوخۆیی دوور لە مامەڵەکردنی ئەمنی لەگەڵ ڕووداوەکان و زەوتکردنی ئازادییەکان دەستپێدەکات بە جۆرێک سیاسەتێکی ئابوری نوێ پەیرەو بکرێت و پێداچونەوە بە کرێبەستەکانی بواری نەوت و گاز بکرێت، و بایەخ بەو چالاکییە ئابورییانە بدرێت کە داهاتی سەرەکی بۆ خەرجی گشتی دابین دەکات بە تایبەتی ئەو چالاکییە ئابورییانەی پەیوەندییان بە کەرتی گەیاندن و کارەباوە هەیەو چەندین ساڵە بۆ کەرتی تایبەت هەڕاج کراوە، نەک زیادکردنی باج و پول لەسەر خەڵکی.


6ـ مامەڵەکردن لە گەڵ ڕەوشی ئابوری کوردستان ناکرێ شێوازێکی خۆرسکی وەرگرێت و مانگانە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و داهاتی گشتی کوردستان لە ژێر رەحمەتی بەرز بوون و دابەزینی نرخی نەوت بمێنێت و هەردەم موچەخۆران و جموجۆڵی بازاڕ لە ژێر دڵەڕاوکێدا بێت، و هەردەم خەڵکی زەحمتکێش و کەمدەرامەت باجی هەڵەی سیاسەتە ئابورییەکان بدەن، لە کاتێکدا بۆرژوای مشەخۆر و بیروکرات سامان کەڵەکە بکەن.


جەماوەری گەلی کوردستان مافی خۆیەتی بە تێکۆشانی جەماوەری دیموکراسی و ئاشتیانەی مەدەنی تێکۆشان بۆ گۆڕینی ئەم سیاسەتە بکات.


حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
حزبی شیوعی کوردستان
بزوتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان
22ی حوزەیران 2020

 










 


AM:09:58:23/06/2020