مەسرور بارزانی و بەرپرسی باڵای کاروباری بەرگری ئەمریکا لە عێراق کۆبونەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد بە سەرۆکایەتی ئێرنست تایکرت بەرپرسی باڵای  کاروباری بەرگری ئەمەریکا  لە عێراق، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و گرنگی هەبونی هەماهەنگی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق کرا. 

بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوە، بەرپرسی باڵای کاروباری بەرگری ئەمریکا لە عێراق، جەختی لەوە کردەوە، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە کە رۆڵێکی کاریگەریی لە روبەڕوبونەوەی تیرۆردا هەبوە لە ناوچەکەدا، هاوکات ستایشی هەنگاوە چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی کرد بە تایبەتی لە وەزارەتی پێشمەرگەدا.

 

ئاماژەی بەوەشکرد" هەرێمی کوردستان هاوپەیمانێکی گرنگ و ستراتیجی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا". 

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، مەسرور بارزانی نیگەرانیی خۆی لە دۆخی ناسەقامگیریی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربڕی و جەختی لە کاراکردنەوەی میکانیزمی هاوبەشی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەدا کردەوە، کە زەمینە خۆش دەکات بۆ گەڕانەوەی سەقامگیریی بۆ ئەو ناوچانە .



PM:02:27:23/06/2020