دوای گیانلەدەستدانی چوار کارمەندی تەندروستی، کارگوزار و شۆفێرەکانی میلاکی وەزارەتی تەندروستی لە سلێمانی، گەرمیان و راپەڕین، وەزیری تەندروستی پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاریان دەکات و ڕایدەگەیەنێت" لە پیرۆزترین ئەرکی مرۆڤایەتیدا گیانیان لەدەستدا".
د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوەو دەڵێت" بە خەمو پەژارەیەكی زۆرەوە بەناوی وەزارەتی تەندروستی پرسە و سەرەخۆشی ئاڕاستەی خانەوادەی هەر چوار خوالێخۆشبووی كارمەندی تەندروستی و كارگوزار و شوفێرەكانی میلاكی وەزارەتی تەندروستی دەكەین لە شاری سلێمانی و دەڤەری گەرمیان و ڕاپەڕین كە بەداخەوە بەهۆی تووشبوونیان بە نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ COVID-19 لە پیرۆزترین ئەركی مرۆڤایەتی گیانیان لەدەستدا".
ئاماژەی بەوەشکردووە" پزیشكان و كارمەندان و فەرانبەرانی تەندروستی لە سەنگەری پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتا جیهانیەن كە بەتەواوی تواناكانیانەوە كاردەكەن بۆ ئەوەی گیانی هاووڵاتیان بپارێزن و بەردەوام لە هەموو كارەساتەكان لە سەنگەری بەرگریبوون سڵیان نەكردۆتەوە".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا وەزیری تەندروستی داوا لە هاووڵاتیان دەكات کە پابەندی ڕێنماییە تەندروستیەكان بن بۆ ئەوەی بتوانن لەم پەتایە ڕزگاریان بێت.