پەرلەمانی کوردستان دەستبەکارەکانی دەکاتەوە

سەرۆکی دیوانی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند" رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی کوردستان دەست بەکارەکانی دەکاتەوە". 

 

ئەردەلان محەمەد سەرۆكی دیوانی پەڕلەمانی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی پەڕلەمانی كوردستان بەهۆی بوونی چەند حاڵەتێكی پۆزەتیڤی كۆرۆنا لەنێو پەڕلەماندا لە ڕۆژی 2020/6/10 بەمەبەستی پاراستن و سەلامەتی گیانی سەرجەم پەرلەمانتاران و فەرمانبەرانی بۆ ماوەی 14 ڕۆژ دەوامی لە پەرلەمان ڕاگرت.

ڕاشیگەیاند" دوای ئەوەی خۆشبەختانە ئەو كەسانەشی، كە تووشی ڤایرۆسەكە ببوون پاش وەرگرتنی چارەسەر گەڕانەوە ماڵەكانی خۆیان و دووبارە وەرگرتنی تێستی كۆتایی بۆیان، كە هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییەكەیان نەماوە و ئێستا تەندروستییان زۆرباشە". 

جەختیشی كردەوە، پەڕلەمانی كوردستان بڕیاریدا ڕۆژی چوار شەممە 2020/6/24 دەست بەدەوام و كارەكانی خۆی بكاتەوە.

 

دوای ئەوەی چەند تووشبوویەکی کۆرۆنا لەنێو پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرا، رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەوامی فەرمی پەرلەمانی کوردستانی راگرت و داوایکرد پشکنین بۆ هەموو ئەندامانی پەرلەمان و فەرمانبەران بکرێت و وەک پابەندبوون بە رێنماییە تەندروستییەکان دەبێت بەرکەوتووەکان خۆپاریزی بکەن و کەرەنتین بکرێن.



PM:07:16:23/06/2020