لە گەرمیان بۆ ٧٢ کاتژمێری قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا



ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان، بڕیاری داختسنی سەرجەم زاڵگەکانی نێوان ئیدارەکەو خانەقین و جەلەولا و سەنگاوی بۆ ماوەی ٧٢ کاتژمێر راگەیاند.

 
ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان:

 
له‌به‌رئه‌وه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ ئیستادا گه‌شتۆته‌ ئاستێكی مه‌ترسیدار و له‌سه‌ر پێشنیاری به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی گشتیی ته‌ندروستی گه‌رمیان به‌نووسراویان ژماره‌ (138) له‌ 23ی 6ی2020 كه‌ تیایدا داوایانكردووه‌، قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی گشتی بۆماوه‌ی 72 كاتژمێر رابگه‌یه‌نرێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ له‌ هه‌موو شوێنێكی گه‌رمیاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.


ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌كه‌مان خۆی به‌رامبه‌ر ژیان و سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان به ‌به‌پرسیارده‌زانێت، بۆیه‌ داوا له‌خه‌ڵكی خۆمان ده‌كه‌ین هاوكارمان بن و بۆكاری زۆر پیویست نه‌بیت له ‌ماڵه‌كانیان نه‌یه‌نه‌ ده‌ره‌وه‌، چونكه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ له‌هه‌موو شوێنێكی گه‌رمیاندا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.


ژووری ئۆپه‌راسیۆنی ئیداره‌ی گه‌رمیان دوای كۆبوونه‌وه ‌و گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل گه‌یشته‌ ئه‌م بڕیارانه‌ی خواره‌وه‌:


یه‌كه‌م: داخستنی ته‌واوه‌تی هه‌موو زاڵگه‌كانی سنووری ده‌ره‌وه‌ی  ئیداره‌ی گه‌رمیان (ئیداره‌ی گه‌رمیان ـ سلێمانی ـ خانه‌قین ـ جه‌له‌ولاـ سه‌نگاو) بۆماوه‌ی 72 كاتژمێر. له‌كاتژمێر 12ی شه‌وی چوارشه‌ممه‌ له‌سه‌ر پێنجشه‌ممه‌ كه‌ ده‌كاته‌ 24/25 ی 6ی 2020 بڕیاره‌كه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.


هاوكات راگرتنی هه‌موو هاتووچۆیه‌ك له‌نێوان هه‌موو نشینگه‌كانی سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیاندا.


دووه‌م: هه‌ر ئه‌مشه‌و 23/24ی 6ی 2020 هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی نیشانه‌یان نیه‌ له‌نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵاوه‌ ده‌گوازرێنه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی كه‌لاری تایبه‌ت به‌ كۆرۆنا، ته‌نها ئه‌و حاڵه‌تانه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵا ده‌بن، كه‌ پیویستیان به‌ چاودێری ووردی پزیشكی یه‌، له‌ماوه‌ی 72 كاتژمێری داهاتووشدا به‌شه‌ ناوخۆی زانكۆی گه‌رمیان ئاماده‌ ده‌كرێت به ‌ته‌واوی پیداویستییه‌كانیه‌وه‌ بۆ له‌خۆگرتنی ئه‌و تووشبووانه‌ی نیشانه‌یان نیه‌.


سێیه‌م: له ‌ئه‌مشه‌وه‌وه‌ ئامێره‌كانی هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد له‌نه‌خۆشخانه‌ی قه‌ڵا ده‌خرێنه‌ خزمه‌ت ئه‌و تووشبووانه‌ی كه‌ پێویستیان به‌و ئامێرانه‌یه‌.


چواره‌م: سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی گه‌رمیان له‌ رێگه‌ی داواكاری گشتییه‌وه‌ داوای جوڵاندووه‌، ‌هه‌‌ركه‌س و لایه‌ك ‌كه‌مته‌رخه‌می به‌رامبه‌ر ژیان و سه‌ڵامه‌تی خه‌ڵك كردبێت، به‌توندرترین شێوه‌ سزای یاسایی و ئیداری ده‌دریت.


پێنجه‌م: له‌ماوه‌ی 72 كاتژمێری قه‌ده‌غه‌ی هاتووچۆی ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كاندا كارئاسانی بۆ جووتیاران ده‌كریت بۆ هه‌موو كاروبارێكی كشتوكاڵی و كێڵكه‌ كانیان.


به‌ پشتیوانی خودا و هاوكاری خه‌ڵكی دڵسۆزی گه‌رمیان و سه‌رجه‌م داموده‌زگاكانی سنووری ئیداره‌كه‌مان، ئه‌م قۆناغه‌ش تێده‌په‌ڕینین و له‌مه‌ زیاتر شاهیدی تووشبوون و مه‌رگی ئازیزانمان نابین.

 


PM:09:57:23/06/2020