كاردانەوەكان دژی بڕیاری حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ كەمكردنەوەی مووچە فراوانتر دەبن و مامۆستایانیش كاتی خۆپیشاندان لە سلێمانی دیاری دەكەن.
(ئەنجومەنی سەربەخۆی مامۆستایانی ناڕازی، كارمەندانی هاتووچۆ، تەندروستكاران، كاسبكاران، نابینایان، تۆڕی ڕێكخراوەكان) لەڕاگەیەندراوێكدا رایگەیاندووە" سبەینێ كاتژمێر ٤:٠٠ی پاشنیوەڕۆ لەبەردەم باخی گشتی بەرامبەر سلێمانی پاڵاس خۆپیشاندانی ناڕەزایی دەست پێدەكەن دژی سیاسەتی برسیكردن و چەوساندنەوەی هاوڵاتیان".
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، داوای ئامادەیی و پشتگیری هەموو لایەك دەكەن بۆ گەڕاندنەوەو سەندنەوەی مافە زەوتكراوەكان لەم دەسەڵاتە بێباكە و داوا دەكەن ناڕەزایی و توڕەیی ناو تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان بهێننە سەرشەقامەكان بەشێوازێكی مەدەنی و دوور لەتوندوتیژی، هەمانكاتیش پابەندی رێكارە تەندروستیەكان بن لەبەكارهێنانی ماسك و دەستكێش.