سەرۆکایەتی کۆمار هەڵوێستی خۆی لەسەر بۆردومانەکانی تورکیا ڕاگەیاند

سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕایگەیاند" ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هاوڵاتیانی مەدەنی دەکەن و چونکە ئەو هێرشانە خەڵکانی مەدەنی کردۆتە قوربانی".

 

وتەبێژێک بەناوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند" بۆردومانەکەی تورکیا رەفتار و پێشێلکارییەکی رونە و پێچەوانەی بنەماکانی پەیوەندییەکی تەندروستی نێوان دوو وڵاتی دراوسێیە، لەو روانگەیەوە سەرۆکایەتی کۆمار داوای راگرتنی پێشێلکارییەکان و پاراستنی بەردەوامی سەروەری نیشتیمانی دەکات کە زیاد لە جارێک تورکیا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سەربازییەوە پێشێلی دەکات".

ئەوەش هاتووە، بۆردومانەکان بوونەتە هۆی دروستبوونی زیانی گیانی و مادی، لە کاتێدا سەرۆکایەتی کۆمار ئیدانەی ئەو هەنگاوانە دەکات، داواش لە ئەنقەرە دەکات کێشەکانی سنور و دۆسیەی ئەمنی لە نێوان عێراق و تورکیا بە هەماهەنگی نێوان هەردولا چارسەربکرێن، هەروەها چارەسەری سەربازی و لەبەرچاو نەگرتنی سەروەری عێراق رەتدەکاتەوە.

 

ئەوەش لەكاتێكدایە ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە، لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆكەیەكی توركیدا لە هاوینەهەواری كونەماسی لەناو خاكی هەرێم، دوو هاوڵاتی مەدەنی شەهید بون و هەشتی دیكەش برینداربون.

 

هەروەها لە سەرلەبەیانی ئەمڕۆشەوە لە سنورەکانی قەزای زاخۆ شەڕ و پێکدادان لە نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە بەردەوامە.

 
 


PM:12:45:26/06/2020