رەوتی ئایندەی نیشتمان بە توندی ئیدانەی سەرجەم هێرش و پەلامەرەکانی تورکیا دەکات

ڕەوتی ئایندەی نیشتیمان (ڕەوا) ڕایدەگەیەنێت" پێویستە حکومەتی هەرێم  هەموو هاوکارییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی بۆ دەوڵەتی تورکیا ڕابگرێت و بە ڕەسمی داوای لەسەر تۆمار بکات و داوای کشانەوەی و قەرەبوی مادی و مەعنەوی بکات".

 

رەوتی ئایندەی نیشتمان لە ڕاگەیەندراوێکدا بەتوندی ئیدانەی سەرجەم هێرش و پەلامەرەکانی تورکیا دەکات و داواکارن کە  تورکیا هێزێکی داگیرکەرە و دەستبەجێ دەبێ بکشێتەوە، هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێم  هەموو هاوکارییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی بۆ دەوڵەتی تورکیا ڕابگرێت و بە ڕەسمی داوای لەسەر تۆمار بکات و داوای کشانەوەی و قەرەبوی مادی و مەعنەوی بکات،

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕەوتی ئایندەی نیشتیمان داواشدەکات کە فشار لەسەر حکومەتی عێراق بکەن کە لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەعوا لە سەر تورکیا قەید بکات و نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم پاڵپشتی لەو هەڵمەتە بکەن. 

 

راگەیانراوی رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا ) دەرباری هێرشەکانی تورکیا:

وەک پیشەی هەمیشەییان حکومەتەکەی ئەردۆگان دەستی کردۆتەوە بە هێرشە بەرفراوانە سەربازیەکانی بۆ سەر باشوری کوردستان، لەم هێرشانەدا هێزە تایبەتەکان، هێزی ئاسمانی بە F-16 ەشەوە، هێلیکۆپتەر و درۆن پەلاماری نزیکەی ٥٠٠ شوێنیان داوە. ئەم هێرشە خەست و درندانە رۆژهەڵاتی باشور، خواکورک، تا رۆژئاوای باشور، شەنگال یان گرتۆتەوە. سەرچاوە جیاکانی دنیا ئاماژە دەکەن بەوەی کە ئەگەرێکی بەهێزە کە حکومەتی ئەنکەرە بە ئاگاداری پێشوەختی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنەکانی جێبەجێ دەکات.
زۆربەی پێکهاتەکانی سیستەمی سیاسی تورکیا لە بنەرەتدا کۆکن لە دژایەتیکردنی کورد و بەدەستهێنانی مافە رەواکانی، بەشێک لێیان وەک ناوەندە لیبراڵەکانی سەر بە ئەوروپا، بەشێک لە ئاکەپەی فەرمانرەوا و لە سیاسەتمەدارە کوردەکان ناوچەی هەرێمی کوردستانی بلۆککراو و داخراو بە لەرزۆک دەبینن و پێیان وایە ئەم ناوچەیە هیچ چارەیەکی تری بۆ پاراستنی خۆی و گەشەی ئابوری نیە بێجگە لە پەنابردن نەبێت بۆ تورکیا، لەم دیدگایەوە پێشیان وایە باشترین رێگە بۆ شەرکردنی پەکەکە ئەوەیە هانی حکومەتی هەرێم بدات ئەو کارە بکات، بۆیە پەیوەندی ئابوری، دیبلۆماسی، هەواڵگری و سەربازی باشیان لە گەڵ حکومەتی هەرێم هەیە بۆ چەسپاندنی نفوزی تورکیا و جێبەجێکردنی پلانەکانیان. 
پەیوەندیە نەرمەکانی تورکیا لە گەڵ دەسەڵاتدارانی هەرێم و گوێرایەڵی ئەوان بۆ خواست و داواکاریەکانی تورکیا نەک کێشەکانیان چارە نەکردوە بەڵکو ئاڵۆزتر و خەستتریان کردونەتەوە.
لە کاتێکدا دنیا و ناوچەکە بە کوردستان و تورکیاشەوە بەدەستی کۆرۆناوە دەناڵێنن، هاوکاتیش حکومەتی هەرێم تا ئەم چرکەیە شکستی گەورەی کردوە لە دابینکردنی ئاستی پێویستی موچەی فەرمانبەران و بەرەنگاربونەوەی زانستیانە وپێویستی ئافاتی کۆرۆنا، دەبینین تورەیی خەڵک و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی بەهۆکاری ئەم سیاسەتە چەوت و خۆپەرستانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمەوە گەیشتونەتە ئاستی هەڵچونێکی توندی بێ وێنە لە کوردستان، زیادە بۆ ئەم واقعە تفت و تاڵە دەبینین چۆن دەسەڵاتە وەصیەکەی ئەردۆگان بەسەر هەرێمەوە ئاگر لە کوردستان بەردەدات و تەر و وشک بەیەکەوە دەسوتێنێت.   
رەوتی ئایندەی نیشتمان باوەری توندی هەیە کە دۆخەکە پێویستی بە پەیوەندی هاوسەنگ و شەفاف و چارەی سیاسی و ئاشتیانەی کێشەکانە بە چاودێری نێودەوڵەتی باوەرپێکراو، لە مەقامی یەکەمدا چارەی رەوای پرسی مافە سیاسی و نەتەوەییەکانی باشوری کوردستانە، رێزگرتن لە سەروەری هەرێمی کوردستان و دەستتێوەرنەدانە لە کاروباری ناوخۆی.
رەوتی ئایندەی نیشتمان لە کاتێکدا هەمو  بیانو و بەهانەکانی تورکیا بۆ ئەم پەلامار و داگیرکارییە ڕەت دەکاتەوە هاوکات بەتوندی ئیدانەی سەرجەم هێرش و پەلامەرەکانی تورکیا دەکات، هاوکات داواکاریشین:-
یەکەم: تورکیا هێزێکی داگیرکەرە و دەستبەجێ دەبێ بکشێتەوە، 
دوەم: پێویستە حکومەتی هەرێم  هەمو هاوکارییە سەربازی و هەواڵگرییەکانی بۆ دەوڵەتی تورکیا ڕابگرێت و بە ڕەسمی داوای لەسەر تۆمار بکات و داوای کشانەوەی و قەرەبوی مادی و مەعنەوی بکات،
سێیەم: پێویستە  حیزب و ڕێکخراوەکانی هەرێم  فشار بخەنە سەر حیزبە بەشداربوەکانی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی داوای خاڵی دو،
چوارەم: حیزبە بەشداربوەکانی حکومەت و دەرەوەشی پەیوەندیە سیاسی و دبلۆماسی و ێیستخباراتیەکانیان لەگەڵ دەوڵەت و دەزگا جیا جیاکانی تورکیا ڕابگرن،
پێنجەم: فشار لەسەر حکومەتی عێراق بکەن کە لە نەتەوە یەکگرتوەکان دەعوا لە سەر تورکیا قەید بکات و نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێم پاڵپشتی لەو هەڵمەتە بکەن،
شەشەم: فشاری پێویست لە سەر ئەمریکا و پەیمانی ناتۆ بکرێت کە تورکیای هاوپەیمانیان لەم هێرشکردن و درندایەتیە رابگرن و رێگای پێنەدەن بە چەکی ناتۆ خەڵکی سیڤیل و بێ گوناه بکوژێت،
رەوا داوا دەکات خەڵک پشتیوانی ئەم بەیاننامەیە بکات و کاتێک داوا رەواکانی جەماوەر پشتگوێ بخرێن جەماوەر لە باشور بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا خۆیان رێکبخەن بۆ بەرگریکردن لە خاك و دەرپەراندنی هێزی داگیرکەری خاکی کوردستان.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان
سەرشۆری و شەرمەزاری بۆ هێزی داگیرکەرئ تورکیا

رەوتی ئایندەی نیشتمان ( رەوا )
٢٧ جونی ٢٠٢٠



AM:10:18:28/06/2020