وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی روونکردنەوە لەسەر کەمکردنەوەی مووچە دەدات

وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت"  بڕیارماندا مووچەی ئەم مانگە بە شێوازی رێژەیی ببڕین بە ڕێژەی ١٢% تاكو ٣٠% جگە لە پلە باڵاكان. كە رێژەی ٥٠% دەیان گرێتەوە".


دەقی روونکردنەوەکە:


دادپەروەری نەك یەكسانی


لای هەموان روون و ئاشكرایە كە ئەو بارودۆخە ناهەموارەی هەرێم پێیدادەروات بارێكی نائاساییە و تەنگەژەیەكی دارایی دژوار لە ئارادایە و كاریگەری زۆری لەسەر سەرجەم دانیشتوان جێهێشتووە بە تایبەتی ئەوەی هەژارەو داهاتی سنووردارو كەمە.


سەبارەت بەشێوازی دابەشكردنی مووچەی مانگی شوباتی ٢٠٢٠ وەك سەرجەم وەزارەتەكانی تر بەدوای زیاترین بەرژەوەندی كارمەندانماندا گەڕاین و هەوڵی ئەوەمان داوە دادپەروەری بكەینە پێوەری كاركردن نەك یەكسانی كەتەنها لە بەرژەوەندی رێژەیەكی كەمی فەرمانبەرانمانە كەتەنها ٦%ی فەرمانبەرن.


وەك وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی رامانگەیاندووەو دووپاتیشی دەكەینەوە لەگەڵ هیچ شێوازێكی لێبڕین نین بە هەر رێژەیەك بێت و هەردەم پشتگیری سەرجەم فەرمانبەرانین، بەڵام لە بارێكی ناچاری وەكو ئێستا و لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران كەهیچ چارەی ترمان نییە، تەنها هەوڵمان ئەوەیە باشترین شێوازی دادپەروەری لەدابەشكردن بكەین بۆ ئەو بڕە پارەیەی لەبەردەستدایە.


بۆیە دوای گفتوگۆیەكی زۆر و گەڕان بەدوای باشترین شێواز وەك سەرجەم وەزارەت و دەزگا و فەرمانگاكانی تری هەرێم (جگە لەوەزارەتی تەندروستی) بڕیارماندا مووچەی ئەم مانگە بە شێوازی رێژەیی ببڕین بە ڕێژەی ١٢% تاكو ٣٠% جگە لە پلە باڵاكان. كە رێژەی ٥٠% دەیان گرێتەوە.


وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی وەك وەزارەتێكی خزمەتگوزاری كەژمارەی فەرمانبەرانی زۆر كەمەو لەسەر ئاستی كوردستان تەنها (٥٦٨٥)فەرمانبەری هەیە، کەرێژەی ٩٤% ی فەرمانبەرانی مووچەكانیان لە خوار ملیۆنیك و سێسەد هەزار دینارە و كەبەرێژەی خوار لە ٢٥% مووچەكانیان بڕاوە.


ئەم فەرمانبەرانەش كە كەمترین رێژەی مووچەیان بڕاوە لەلایەك خۆیان كەمترین مووچەیان هەیەو لە لایەكی تر لە ماوەی زیاتر لە دوو مانگی گرفتی كۆڕونا لێبڕاوانە لە خانەكانی چاودێری منداڵان و بەساڵاچوان و شەڵتەری ئافرەتان و چاكسازییەكان دەوامیان كردووە، رووبەروو بونەتەوە لەگەڵ گرفتی كۆڕوناو سەختی هاتووچۆو لە كاتی قەدەغەكردنی هاتوچۆو، بە درێژایی ماوەی كەرەنتین ماڵ و منداڵیان جی هیشتووەو جگە لەم كارانەیان كۆڵان بەكۆڵان سەرقاڵی نووسینی ناوی هەژارن و كەم دەرامەتەكان بوون.

 

بۆیە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی ئەو فەرمانبەرانەی مووچەیان كەمەو بەردەوام لە دەوام دان و رێژەی زۆرینەی فەرمانبەران پێكدەهێنن بە ئەرك و دادپەروەرییەكی دەزانین چاكترە لە شێوازی یەكسانییەك كە مافی زۆرینە پێشێل دەكات و سوودێكی ئەوتۆش ناگەێنیتە ئەو ژمارە كەمەی تری فەرمانبەران.

 

 
لەکۆتاییدا، بەسەرجەم كارمەندان و هاوڵاتیانیش رادەگەیەنین كە ئەم دەستكارییە تەنها بۆ مووچەی یەك مانگە واتە مووچەی مانگی شوبات و بە ئومێدی ئەوەشین كە لە زووترین كاتدا باری دارایی و دابەشكردنی مووچە ئاسایی ببێتەوە و هەموو كارمەندان و هاوڵاتییەكی ئەم هەرێمە مافی خۆی وەربگرێت.


كوێستان محمد عبدالله
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی
۲۸ی ٦ی ۲٠۲٠




PM:07:16:28/06/2020