مەسرور بارزانی: سازش لەسەر مافە دەستوریەکانمان ناکەین

بەبێ ئەوەی روونبکرێتەوە کەچی لەکام تەوەرەی گفتوگۆکان لەبەغدا کورد سازش ناکات، مەسرور بارزانی رایگەیاند " سازش لەسەر مافە دەستوریەکانی هەرێمی کوردستان ناکات.

 
میدیاکانی نزیک پارتی هەواڵی کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی لەگەڵ تیمی دانوستانکاری هەرێم لەگەڵ بەغدا بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە " ئەمڕۆ سێشەممە 2020/6/30 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە لە گەڵ شاندی دانوستانکار لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی کۆبووەوە".


لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت، تیشکی خستە سەر سەردانی هەفتەی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و ئەنجامی گفتوگۆکان لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان.


هەروەها هاتووە "سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆکان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت."


مەسرور بارزانی لەو کۆبوونەوەیەدا بەبێ روونکردنەوەی زیاتر لەو میدیایەنەدا وتوویەتی " ھەرێمی کوردستان داکۆکی و پێداگیریی لە مافە رەواکانی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق دەکات و هەرگیز سازشیان لە سەر ناکات".

 
ماوەی نزیکی هەفەتەیەکە بەسەر گفتوگۆی نێوان هەرێم و بەغدا تێدەپەڕێت کە لەسەر مووچەو بودجەی خەڵکی کوردستانە، تا ئێستا هیچ زانیاریەک بە فەرمی لەو وەفدی دانوستانکارو میدیاکانی پارتی و یەکێتی یەوە بڵاونەکراوەتەوە.

 


PM:02:41:30/06/2020