رۆژهەڵاتی کوردستان.. دوو ژن و خوێندكارێك كۆتاییان به‌ ژیانی خۆیان هێنا

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا دوو ژن لە شارەکانی ئورمیە و تیکاب و هەروەها خوێندکارێکی بلیمەت لە شاری سەقز کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، رۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ژنێکی تەمەن ٦٠ ساڵی خەڵکی گوندی چۆرش سەر بە ئورمیە بە ناوی بەسنا ئەحمەدی، لە یەکێک لە ناوەندە دەرمانییەکانی ئەو شارە گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بەسنا ئەحمەدی چەند رۆژ پێشتر بە هۆی کێشەی خێزانی ئاگری لە جەستەی خۆی بەردابوو.

هەنگاو ئاشکراشیکردووە، رۆژی دووشەممە ٢٩ی حوزه‌یران، خوێندکارێکی خەڵکی سەقز بە ناوی مستەفا تەیمووری، كه‌ خوێندکاری بەشی ئابووری زانکۆی کوردستان بووە، بە هۆی رێگری بەرپرسانی زانکۆ لەمەڕ چوونی ناوبراو بۆ بەشداری ناوبراو لە ئۆلەمپیاد و هەروەها دژایەتی داواکاری ناوبراو بۆ گرانتی دەرەوەی وڵات، خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هەروەها، رۆژی چوارشەممەی رابردوو، ژنێکی لاوی خەڵکی تیکاب بە ناوی زارا نامداری، بە هۆی کێشەی خێزانییەوە خۆی هەڵواسیوە. ناوبراو خێزاندار و دایکی منداڵێک بووە.

AM:08:47:02/07/2020