لە دەڤەری ئیدارەی ڕاپەڕین باندێکی دزیکردن دەستگیرکرا

باندێکى دزیکردن لە سنورى ئیدارەى راپەڕین دەستگیرکرا، پۆلیسى سنورەکەش رایدەگەیەنێت" باندەکە چەندین تاوانى دزیان ئەنجامداوە".

 

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی هێزەکانمان ئاگادارکرانەوە بە بونی چەند تاوانێکی دزیکردن لەناو شاری رانیە لەگەرەکی نەورۆز، دوای بەدواداچون و کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر ڕوداوەکان دەرکەوت کە دو روداوی دزیکردن رویانداوە و لەلایەن چوار تۆمەتبار بە هاوبەشی ئەنجام دراون.

 

پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشکردوە" دوای گرتنەبەری رێکاری یاسایی و بە پشت بەستن بە بەڵگەکان و کۆکردنەوەی زانیاری سەبارەت بە تاوانباران توانرا شوێنیان دەست نیشان بکرێت و لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، سەرەتا دو لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکران و دەستگیرا بەسەر ئەو ئۆتۆمبیلەی کە تاوانەکەی پێ ئەنجام درابو لە جۆری پیک ئاپ".

 

لەبەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین باسی لەوەشکردوە، دواتر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت کە لە دو تاوانی دزی کردندا هەستاون بە دزینی سێ مۆلیدەی کارەبایی گاز و لەلایەن دو تۆمەتباری تر لە بازاڕ فرۆشتویانەوە، هەر لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت جگە لەو دو تاوانی دزیکردنە، تاوانی تری دزیشیان ئەنجامداوە.

 
ئەوەش خراوەتەڕو، دواتر لە بەرواری 1-7-2020 لەلایەن پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی راپەڕین دو تۆمەتبارەکەی تریش دەستگیرکران و سەرەنجام دەکاتە چوار تۆمەتبار و دانیان بە تاوانەکانیان داناوە.

بەپێی راگەیەندراوەکەی پۆلیسی راپەڕین، ئەوانەی دەستگیرکراون سەرجەمیان لە دایکبوی ساڵی 2001ن و دانیشتوی رانیەن، دوای کردنەوەی پەڕاوی لێکۆڵینەوە، سەرجەمیان بەپێی ماددەی 446 لە یاسای سزادانی عراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
 
 


PM:11:04:02/07/2020