وەزارەتی دارایی لەبارەی خەرجی فەرمانگەکان بڕیارێکی نوێی دەرکرد

وه‌زیری دارایی و ئابوری و  حكومه‌تی هه‌رێم رایگه‌یاند" به‌ ئه‌لیكترۆنیكردنی خه‌رجییه‌كانی به‌كاربردن به‌شێكه‌ له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی كه‌ ده‌بێته‌ هۆی زیادبونی شه‌فافییه‌ت و كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی". 

 

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند" بە فەرمانی سەرۆكی حكومەت هەموو خەرجییەكانی بەكاربردن لەم مانگەوە بە دیجیتاڵ دەكرێت، كە ئەمە هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەهێزكردنی هەماهەنگی لە نێوان دامودەزگاكانی حكومەت بە شێوەیەكی مۆدێرن و هاوچەرخانە و كەمكردنەوەی گەندەڵیی بە شێوەیەك كە هەموو خەرجییەكانی ڕۆژانەی حكومەت بە سیستمی ئۆنڵاین ئەنجام بدرێن". 

ڕاشیگەیاندوە" ئەم پێشكەوتنە بەشێكە لە هەنگاوەكانی كابینەی نۆیەم بۆ بە مۆدێرنكردنی كارەكانی حكومەت و هەنگاوێكی گرنگ دەبێت لە پێناونەهێشتنی ڕۆتین و هەوڵدان بۆ كارا كردن و چالاككردنی كاروباری هاووڵاتییان، هەروەها بەشێكیشە لە پرۆسەی چاكسازی كە سەرەنجام دەبێتە هۆی زیادبوونی روونی و شەفافییەت و كەمكردنەوەی گەندەڵی". 

وەزیری دارایی دووپاتی کردەوە، بەم هەنگاوە دەتوانین زیاتر كۆنترۆڵی خەرجییە بەكاربەرەكانی حكومەت بكەین، زیاتر دەتوانین كار لەسەر پڕۆژەی گرنگ لە بواری خزمەتگوزاریی گشتی و سوودی هاووڵاتییان بكەین.

ئاشكراشیكردووە، ئەم سیستەمە ئۆنڵاینە لەم مانگەوە لە هەموو دامودەزگاكانی حكومەت جێبەجێ دەكرێت و هەموو خەرجییەكانی حكومەت تا كۆتایی مانگی تەمموز، لە رێگەی ئەم سیستەمەوە بەردەست دەبێت و داتاكان لە سەنتەری داتای حكومەت كۆ دەكرێنەوە، ئەمەش وا دەكات حكومەت كۆنترۆڵی بەسەر خەرجییەكانییەوە هەبێت و داتاكانیش دەتوانن بۆ دانانی پلانی ستراتیجیی دارایی یارمەتیدەر بن.



PM:08:41:06/07/2020