بەرهەم ساڵح: پێویستە توركیا دەستدرێژییەكانی بۆ سەر عێراق رابگرێت

سەرۆک کۆماری عێراق رایگەیاند" بوونی دەوڵەتی عێراق کە خاوەن سەروەری خاک و ئاسمانی خۆی بێت، پڕۆژەیەکی نیشتیمانییە و لە رێگەیەوە دەتوانێت ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی خەڵکەکەی بپارێزێت". 

 

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار بڵاویکردەوە، د.بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق، ئەمڕۆ لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە ژمارەیەك باڵیۆزی وڵاتانی عەرەبی، لە دیدارەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی چۆنیەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری بونیادنەر لە تەواوی بوارەكان، بەجۆرێك زامنی پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش بكات.

 

ھەر لە دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە كە دەوڵەتی عێراقی خاوەن سەروەری پرۆژەیەكی نیشتیمانییە كە ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی عێراق دەپارێزێت، ئاماژەشیكرد بۆ ئەوەی سەقامگیری عێراق كۆڵەكەیەكی گرنگە بۆ ئارامی ناوچەكە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار دووپاتیكردەوە كە عێراق دەوڵەتێكی خاوەن كاریگەرییە لەسەر ئاستی ناوچەكەو جیھان، بۆیە پێویستە رێز لە سەروەری عێراق بگرن و دەستوەر نەدەنە كاروباری ناوخۆیی لە پێناو بونیادنانی پەیوەندییەكی بەھێز لەسەر لێكگەشتنی هاوبەش. 
 
لە تەوەرێكی دیكەی دیدارەكەدا سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لەگرنگی پشتیوانیكردنی كاروانی چارەسەری ئاشتییانە بۆ تێپەڕاندنی قەیران و گرژییەكان لە ناوچەكەدا، بەجۆرێك ببێتەمایەی بەرقەراربوونی ئاسایش و سەقامگیری بۆ گشت وڵاتانی ناوچەكە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد ناكرێت عێراق ببێتە بەشێك لە سیاسەتی جەمسەرگیری.

سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە لە پێویستی راگرتنی پێشلكارییە سەربازییەكانی توركیا بۆ سەر خاكی عێراق، كە پێشێلكردنی سەروەری عێراق و ئاسایشی ناوچەكە، ھەروەھا ستایشی هەڵوێستی وڵاتانی دۆست و كۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی كرد لە پشتیوانی عێراق بەرامبەر پێشلكارییە بەردەوامەكانی توركیا و بەرقەراربوونی ئاسایش و ئارامی لە عێراقدا. 

سەرۆك كۆمار تیشكی خستەسەر ئەوەی كە پێویستە كار و هەماهەنگی هاوبەش ئەنجام بدرێت لە پێناو دۆزینەوەی رێگاچارەی گونجاو بۆ كێشە سنوورییەكانی نێوان ھەردوو وڵات بە رێگەی دیبلۆماسی و گفتوگۆی جددی و هەماهەنگی هاوبەش.

لە لای خۆیانەوە باڵیۆزانی وڵاتانی عەرەبی پشتیوانی خۆیان بۆ هەوڵەكانی عێراق دووپاتكردەوە لە بارەی پارێزگاریكردن لە سەروەری و خاكەكەی بەرامبەر بە هەر دەستوەردانێكی دەرەكی، دووپاتیشیان كردەوە لەسووربوونی وڵاتەكانیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەكانیان و فراوانكردنی ئاسۆی هاریكاری و هەماهەنگیەكانیان و لە بارەی چەندین بابەتی گرنگی هاوبەش ووتوێژ كرا.



PM:08:24:08/07/2020