وەزیری خوێندنی باڵا پەیامێکی بەبۆنەى دەستپێکردنی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی بڵاوکردەوە

ئارام محەمەد وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى پەیامێکی بەبۆنەى دەستپێکردنى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى بڵاوکردەوە.

 

لە پەیامەكەیدا د. ئارام محەمەد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى وتی" بەبۆنەى دەستپێکردن و بەڕێوەچونى تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى لە هەرێمى کوردستان، هیواى سەرکەوتن بۆ سەرجەم خوێندکاران و قوتابیانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى دەخوازم و هیوادارم پرۆسەکە بەسەرکەوتویى بەڕێوەبچێت". 

 

ئارام محەمەد ڕاشیگەیاند" وەک بەشێک لە بەرپسیارێتی وەزارەتمان و بەمەبەستی هاوکاریکردنی وەزارەتی پەروەردە بۆ ئەمساڵی خوێندن بەشێک لە تاقیکردنەوەکانى پۆلى دوانزەى ئامادەیى لە هۆڵەکانى زانکۆ و پەیمانگەکانى هەرێمى کوردستان بەڕێوەدەچن، بۆیە جێگەى خۆیەتى لێرەدا سوپاسى سەرجەم سەرۆک زانکۆ و ڕاگر و سەرۆک بەش و مامۆستا و فەرمانبەرانی ئازیز بکەین چ لە زانکۆ حکومیەکان و چ لە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکان، کە زۆر لەخۆبردوانە خەمخۆر و هاوکار بون بۆ دابینکردنى هۆڵەکان، هەر لەم سۆنگەیەشەوە جارێکی تر داوایان لێ دەکەم بەردەوام بن لە هاوکارییەکانیان بۆ ئەوەى پرۆسەى تاقیکردنەوەکان بەبێ گرفت و لە کەشێکى ئارام بەڕێوەبچێت". 

وەزیری خوێندنی باڵا لە كۆتایی پەیامەكەیدا جارێکی تر هیواى سەرکەوتنی بۆ پرۆسەکە و خوێندکاران و قوتابیانى دوانزەى ئامادەیى خواستوە.



PM:01:39:11/07/2020