مەسروور بارزانی: خۆشەویستانی سلێمانی شایەنی پڕۆژەی گەورەترن

سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە مەراسیمی دانانی بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری لە سلێمانی رایگەیاند" خۆشەویستانی سلێمانی شایەنی پڕۆژەی گەورەترن". 

 

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم كە ئەمڕۆ بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی كە یەكێكە لە پرۆژە هەرە گەورەكانی حكومەتی هەرێم بەتایبەت بۆ شاری سلێمانی". 

 

وتیشی" پرۆژەکە یەکێکە لە پرۆژە گەورەکانی حکومەت و خەڵکی سلێمانی شایەنی پرۆژەی زیاترن".

 

مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند" رۆحیه‌تی پێكه‌وه‌ كاركردن وایكردووه‌ كه‌ هه‌وڵ بده‌ین زیاتر خزمه‌ت بكەین و روبه‌ڕوی قه‌یرانه‌كان ببنه‌وه‌ و ئه‌مجۆره‌ پڕۆژانه‌ جێبه‌جێ بكه‌ین بەردەوام دەبین لە خزمەتگوزاری".

 

راشیگەیاند" دەسكاریكردنی مووچە بەشێك نییە لە چاكسازی، ئەوەی وایكردووە كە ئێمە دەستكاری مووچە بكەین بۆ خۆگونجاندن بووە لەگەڵ ئەو برە پارەیەی لەبەردەستی حكومەت بووە، ئێمە وامانكردوە كە خەرجییەكانی حكومەت كەمتر بن". 

 

دەقی وتاری مەسروور بارزانی:
 
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
خوشک و برایانی بەڕێز، ئامادەبووانی هێژا
 
خۆم زۆر بە بەختەوەر دەزانم و خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدارم بۆ دانانی بەردی بناخەی شەقامی 100 مەتری سلێمانی، کە بێگومان یەکێکە لە پرۆژە هەرە گەورەکان و ستراتیجییەکانی حکومەتی هەرێم، بە تایبەتی بۆشاری خۆشەویستی سلێمانی.
 
خۆشەویستانی ئەمشارە شایەنی ئەو پرۆژەیە و زۆر پرۆژەی گەورەتریشن، ئێمەش لە حکومەتی هەرێم بەڵێنی ئەوەمانداوە کە خزمەتکاری خەڵکی خۆمان بین، لە سەرەتای دەستپێکردنی ئەو کابینەیە بەڵێنی ئەوەمانداوە کە گرنگی بە ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستان بدەین، کە یەکێک لەمانە دروستکردنی رێگاوبانەکانە لە دەرەوەو ناوشارەکانی هەرێمی کوردستان.
 
بۆیە پیرۆزبایی لە خەڵکی خۆشەویستی شاری سلێمانی دەکەم، سوپاسی گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوانیش دەکەم، کە ئەوان ئامادەبوون ئەو پرۆژەیە جێبەجێ بکەن .
 
راستە ئەو پرۆژەیە ماوەیەکی زۆرە قسەی لەسەر دەکرێت و بەڵێنی زۆریش دراوە کە جێبەجێ بکرێت، لەو کابینەیە ئێمە بەڵێنەکەمان بردەسەر و ئامادەبووین بۆ ئەوەی دوای ئەوەی خوێندنەوەیەکی تری زانستیانە بۆ پرۆژەکە ئەنجامدرا و بەشێوەیەکی باشتر و بە گوژمەیەکی گونجاوتر ئامادەکرا، گرووپی کۆمپانیاکانی قەیوانیش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی. ئەمە پێموایە دەبێتە دەستکەوتێکی گەورە نەک تەنیا بۆ خەڵکی خۆشەویستی شاری سلێمانی، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی کوردستانیش.
 
ئێمە لە حکومەت بەڵێنی خزمەتگوزاریمان بە هەموو هاووڵاتیانی کوردستانداوە بەبێ جیاوازی، هەروەک دەشبینن پرۆژەکانی ئێمە لە سەرەتای دەستپێکردنی حکومەت دەستیان پێکرد، بەڵام بە داخەوە دوای ئەوە تووشی چەندین قەیران بووین، قەیرانی ئابووری و دواتریش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا. کە لە زۆر رووەوە رێگریکرد لە جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت، بەڵام دەستپێکردنەوەی ئەو پرۆژەیە ئاماژە بەوە دەدات کە ئێمە ئیرادەیەکی بەهێزمان هەیە لە حکومەت و نایەڵین نە قەیران و نە ئەو گرفت و کێشانە بمانوەستێنن، بەڵکو ژیان و خزمەتگوزاری بەردەوام دەبێت.
 
حکومەتی ئێمە حکومەتێکی خزمەتگوزارە، لێرەشەوە من دەمەوێت سوپاسی هەموو کابینەکەو بەڕێز کاک قوباد وەکو جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بکەم کە هەموو بە یەکەوە بە رووحیەتێکی بەرزی بەرپرسیارانە هاوکاری یەکتر بووین، ئەوەی لە تواناماندابووە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بۆ هەموو خەڵکی کوردستان بەردەوامبێت.
 
راستە ئێمە لە حیزب و لایەنی جیاوازدا هاتووین و حکومەتێکی ئیئتیلافیمان پێکهێناوە، بەڵام ئەوەی من هەستم پێنەکردووە ئەوەیە، کە کابینەکەی ئێمە کابینەی حیزبی بێت، ئێمە بە هیچ شێوەیەک وەزیری حیزبیمان لە حکومەتدا نییە. وەزیرەکانی ئێمە بە خۆم و جێگری سەرۆکی حکومەتیشەوە، وەزیر و خزمەتگوزاری هەموو خەڵکی کوردستانین بەبێ جیاوازی، بەبێ ئەوەی جیاوازی لە ناوچەکاندا بکرێت یانیش لەبەر ئەوەی کە ئێمە لە حیزب و لایەنی جیاوازدا هاتووین.
 
ئەم رووحیەتی پێکەوە کارکردنە وایلێکردووین کە تیمێکی زۆر کاریگەرمان هەبێت و مونسەجم بن بۆ ئەوەی بەیەکەوە بتوانین زیاتریش خزمەتی ئێوەی خۆشەویست بکەین.
 
ئێمە بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی رووبەڕووی ئەو قەیرانانەش ببینەوە، ئەوەی لە تواناشماندا هەبێت بۆ ئەوەی ئەم جۆرە پرۆژانە لەکاتی پێویستدا جێبەجێ بکەین.
 
لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بە بابەتێکی گرنگ بدەم، ئەویش مەسەلەی رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانە ئابووریەیە کە ئێمە تووشی هاتووین. ئەم قەیرانە ئەنجامی بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوتە لە جیهاندا، کە هەرەسی بە زۆر ئابووری وڵاتانی دونیاش هێناوە و ئێمەش لێی بەدەر نین. هەوڵی ئەوەمان داوە خۆمان لەگەڵ ئەو دۆخە بگونجێنین، ئەمەش وایکردووە کە هەندێک پرسیار دروست ببێت، بە تایبەتی چونکە ئێمە لەم کابینەیە باسی پرۆسەی چاکسازیشمان کردووە.
 
پرۆسەی چاکسازی لەگەڵ ئەم قەیرانە ئابوورییە با تێکەڵ نەکرێت، من سوپاسی خۆڕاگری و تێگەیشتنی هەموو خەڵکی کوردستان دەکەم کە زۆر لەگەڵ ئێمە وەستان و پشوو درێژبوون بە تایبەتی هەندێکجار لە دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەش، بەڵام هەندێکجار هەستدەکەم خوێندنەوەی جیاواز دەکرێت لە خۆگونجاندن لەگەڵ بودجەی بەردەستی حکومەت لەگەڵ پرۆسەی چاکسازی.
 
پرۆسەی چاکسازی، پرۆسەیەکە کە ئێمە لە حکومەت بەردەوام دەبین بەڵام شتێک نییە بە شەو و رۆژێک تەواوببێت یان ئەنجامەکانی بەدەر بکەون. ئێمە هەنگاوی باشمان هاویشتووە و شتی باشیشمان کردووە و ئەنجامەکانیشی دیارن، ئەگەر بەشێک لەو چاکسازییانە نەبووانە، لەوانەیە ئێمە نەمانتوانیبا هەندێک لەو شتانەی ئێستاش دەکەین بمانکردبایە.

مەسەلەی کەمبوونی داهاتی حکومەت وایکرد کە بودجەکەمان کەم ببێتەوە، حکومەتی عێراقیش لە نەناردنی ئەو بڕە پارەیەی کە بۆ مووچە تەرخانکرابوو، وایکرد کە ئێمە هەندێکجار تووشی گرفت ببین لە پێدانی مووچە لە کاتی خۆیدا.

ئەو خوێندنەوانەی دەشکرێن گوایە دەستکاریکردنی مووچە بەشێکە لە چاکسازی، ئەمە راست نییە. بەڵکو چاکسازی پرۆسەیەکی دیکەیە، ئەوەی کە ئێستا ئێمە ناچاربووین دەستکاری مووچە بکەین بۆ خۆگونجاندن بووە لەگەڵ ئەو بڕە بودجەیەی لەبەردەستی حکومەت بووە. ئێمە لە مەسەلەی چاکسازی لە دارایی و کارگێڕیش بەردەوام دەبین، شتیشمان کردووە. وامانکردووە داهاتی حکومەت زیاتر بکرێت و خەرجییەکانی حکومەت کەمترببن، بەڵام وەکو باسمکرد ئەمە پرۆسەیەکی دوور و درێژە بەشەو و رۆژێک لەوانەیە کۆتایی نەیێت.

بۆیە سوپاسی تێگەیشتنی هەموو هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەم لەوەی کە پاڵپشت و هاوکارمان بوون و تێدەگەن لەوەی ئەم قەیرانە دەستکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کێشەیەکە زۆربەی وڵاتانی جیهان ئێستا رووبەڕووی بوونەتەوە. دڵنیام بە جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پرۆژانە و بە هاوکاری کەرتی تایبەت ئێمە دەتوانین لە ماوەیەکی زووتر هەلی کاری باشیش بۆ خەڵکی کوردستان دروستبکەین، بە یەکەوە حکومەت و کەرتی تایبەت بتوانن ژێرخانی ئابووری کوردستان باشتر دروست بکەن و هەلێکی باشتر بۆ پێشخستنی دۆخی ئابووری لە هەرێمی کوردستان بێننە کایەوە.

خوشک و برایانی بەڕێز..

راستە خەمی گەورەی ئێمە دابینکردنی مووچەیە بۆ ئێوەی خۆشەویست، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەبێت ئەوەش بزانین کە جێبەجێکردنی پرۆژەی ستراتیژی دیسان هەر بۆ خزمەتکردنی ئێوەی خۆشەویستە. هیوادارم بتوانین بە یەکەوە ئەو قەیرانانە تێپەڕێنین و رووبەڕووی پەتای کۆرۆناش ببینەوە. داوا لە ئێوەی بەڕێز و خۆشەویستیش دەکەم پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و پارێزگاکان بن.

لێرە جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز پارێزگار و حکومەتی خۆجێیی سلێمانیش بکەم کە سەرەڕای ئەو هەموو کێشەو گرفتانەی رووبەڕوویان بوونەتەوە، بەڵام بە خەمخۆری و دڵسۆزانە لەگەڵ خەڵکی خۆشەویستی سلێمانی وەستان، ئەوەی پێیانکرا بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و پاراستنی ژیانی خەڵکی کوردستان و خەلکی خۆشەویستی شاری سلێمانی درێخییان نەکردووە. لێرەوە من سوپاستان دەکەم دڵنیاشتان دەکەم حکومەتی هەرێم پاڵپشت و پشتیوانی ئێوەش دەبێت.

ئێمە دەزانین لەوانە خواستی زۆر خەڵکی کوردستان ئەوەبێت دەسەڵاتەکان زیاتر بە پارێزگاکان بدرێت. ئێمە لە بەرنامەی حکومەتی خۆشمان ئەوە هەیە کە دەسەڵاتەکان شۆڕ بکرێنەوە ببۆ هەموو پارێزگاکان، پێموایە لەو کابینەیە زیاتر لە هەموو کاتی پێشتریش ئێمە دەسەڵاتەکانمانداوە بە پارێزگارەکان و بەردەوامیش دەبین لە جێبەجێکردنی ئەو ویستەی خەڵکی شاری سلێمانی پارێزگاکانی دیکەشە.

خوشک و برایانی بەڕێز..

پەتای کۆرۆنا مەترسییەکی جیددی تەندروستییە لەسەر هەموو خەڵکی کوردستان، بۆ پاراستنی خۆتان و کەسوکارەکانتان و هەموو هاووڵاتیانی دیکەی هەرێمی کوردستان، پابەند بن. تکا دەکەم با مەترسیی ئەم پەتایە بە سیاسیی نەکرێت، تکاش دەکەم ئەو خۆشەویستانەی لە کەرتی تەندروستی لە پزیشک و کارمەندانی تەندوستی کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە بۆ پاراستنی ژیانی ئێوە ئەمەتان لەبەرچاو بێت.

ئێستا حکومەت ئەو رێنماییانەی دەریکردووە دیارن، زۆربەی ئەرکەکەی ئێستا دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتیان، ئێوە دەبێت پابەندی خۆتان بسەلمێنن و خۆتان بپارێزن و کەسوکارەکانیشتان بپارێزن. من دڵنیام دوای تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە ئابوورییە و زاڵبوون بەسەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستان بە گشتی پێدەنێتە قۆناخێکی زۆر گەشتر و رووناکتر و ئابوورییەکی بەهێزتر، بۆ ئەوەش پێویستیمان بە هاوکاری هەمووتان هەیە.

 

 

 

 




PM:03:15:11/07/2020