به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانی رایگەیاند " به‌هۆی ده‌ستكارییكردن و سه‌رپێچیه‌كی زۆره‌وه، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كاره‌با له ماوه‌ی رابردودا زۆر كه‌متر بوه، به به‌راورد به‌ساڵانی پێشوتر، بۆیه هه‌روه‌ك پلانی سه‌ره‌تای دانانی جۆزه‌كان، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ی "پێوه‌ری زیره‌ك" پرۆژه‌ی دانانی جۆزەی زیرەک كۆتایی دێت".
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت " له‌گه‌ڵ هاتنی وه‌رزی هاوین و به‌رزبونه‌وه‌ی پله‌كانی گه‌رما و به‌رزبونه‌وه‌ی خواستنی به‌كارهێنانی كاره‌با، ساڵانه به به‌راورد به وه‌رزی به‌هار و پایز، هاوشێوه‌ی وه‌رزی زستان، كاته‌كانی پێدانی كاره‌بای نیشتمانی كه‌م ده‌بێته‌وه، به‌ڵام وه‌رزی هاوینی ئه‌مساڵ به به‌راورد به‌هاوینی ساڵانی رابردو پێدانی كاره‌با باشتر بوه".
لەو راگەیاندنەدا کارەبای سلێمانی باس لەوە دەکات، ئه‌و ناوچانه‌ش كه پێشتر جۆزه‌ی (16-20) ئه‌مپێری بۆ دانراوه، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پڕۆژه‌ی دانانی "پێوه‌ری زیره‌ك" له‌رێگه‌ی پارێزگاره‌وه گشتاندن بۆ هه‌مو یه‌كه ئیدارییه‌كان كراوه بۆ كاری پێویست به‌وه‌ی، كه به‌رنامه‌ی دیاریكراو بۆ جۆزه‌كان نه‌ماوه و هه‌مو پارێزگای سلێمانی به‌رنامه‌ی دابه‌شكردنی كاره‌بای بۆ هاوڵاتیان وه‌ك یه‌ك ده‌بێت، ئیداره‌كانیش سه‌رپشك كراون، به‌مانه‌وه یاخود لابردنی جۆزه‌كان.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كاره‌بای سلێمانی ئەوەش دەخاتەڕوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له ماوه‌ی رابردودا ئه‌و (جۆزانه) توانیویانه هاوكارێكی باش بن بۆ پاراستنی گۆڕه‌ره محه‌ویله‌كان و فیده‌ره‌كانیان و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كاره‌باو سودیان بۆ ئه‌و سنورانه هه‌بوه و له‌وكاته‌دا كاره‌بای باشتریان وه‌رگرتوه.
هەروەها هاتووە " به‌هۆی ده‌ستكارییكردن و سه‌رپێچیه‌كی زۆره‌وه، گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كاره‌با له ماوه‌ی رابردودا زۆر كه‌متر بوه، به به‌راورد به‌ساڵانی پێشوتر، بۆیه هه‌روه‌ك پلانی سه‌ره‌تای دانانی جۆزه‌كان، له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنی پرۆژه‌ی "پێوه‌ری زیره‌ك" پرۆژه‌ی دانانی جۆزەی زیرەک كۆتایی دێت".
بەڕێوەبەرایەتی کارەبای سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات "له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گشتاندن كراوه بۆ یه‌كه ئیداره‌كان و سه‌رپشك كراون به‌هێشتنه‌وه یاخود لابردنی جۆزه‌كان، باشتر وایه جۆزه‌كان له‌سیستمه‌كه‌دا بمێنێته‌وه بۆ پاراستنی محاویله‌و تۆڕه‌كانی كاره‌با، ئێمه‌ش به‌پێی توانا هه‌وڵ ده‌ده‌ین هاوكاری ئه‌و ناوچانه بكه‌ین به‌پێدانی به‌رنامه‌یه‌كی باشتر".