فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵ دەرچوو

لەسەر داوای مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت، دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێرەوە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵ دەرکرد.



میدیاکانی پارتی بڵاویانکردەوە دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێری سەر بە سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی هەولێر، ئەمڕۆ یەكشەممە ١٢ی تەموز بە ئیمزای دادوەر، بڕیاری دەستگیركردنی بۆ پەرلەمانتار سۆران عومەر دەركرد. 

 

لە نووسراوەكەدا هاتووە "بۆ گشت ئەندامانی بەرزەفتی دادوەری، گشت ئەندامانی پۆلیس، ڕێگەتان پێدراوە و لەسەرتانە ئەم تۆمەتبارە بگرن و بیدەن بە دادگا، چونكە لە بنكەی پۆلیسی خانەقا سكاڵای لەسەر تۆمار كراوە".



رۆژی ٧ی ئایاری ئەمساڵ لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە لێسەندنەوەی پارێزبەندی لە سۆران عومەری پەرلەمانتاری كۆمەڵی ئیسلامی پەسەند كرا، دوای ئەوەی دوو جار ئاگادار كرایەوە بچێتە بەردەم دادگا و ئامادە نەبوو، ئەم جارە لەلایەن دادگاوە بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچوو.

 


PM:06:59:12/07/2020