کۆمەڵ: هەقە هەموو حیزبەکان دەسەڵات تەسلیمی پارتی بکەن

محەمەد حەكیم، كارگێری ئه‌نجومه‌نی سیاسی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان ئاماژە ببۆ ئەوە دەکات هەموو دەسەڵاتەکان لە دەستی پارتیدا کۆبۆتەوەو دەڵێت " پێموایە حەقی خۆیەتی ھەمو حزبەکان دۆخەکە تەسلیم پارتی بکەن، چونکە ھەمو شت بەدەستی ئەوە".


محەمەد حەكیم لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك لە پۆستێكدا بە ناونیشانی (بڕیاری دەستگیرکردنی سۆران عومەر، یا سەرۆکی پەرلەمان؟) دەڵێت "ھەرێمی کوردستان خاوەنی چوار دەسەڵاتی یاساییە، سەرۆکایەتی، حکومەت، پەرلەمان، دادوەریی. بڕیار لەم چوار دەسەڵاتە بە تەواوی لای پارتی دیموکراتی کوردستانە، ئەگەر باسی پەرلەمان بێت، رەنگە بوترێت ئێ خۆ سەرۆک یەکێتییە، وێرای رێزی بێ پایانم و دور لە جەدەلی تا چەند ئاگابون و نەبون و کەمتەرخەمی سەرۆک لە بەرنامەی لابردنی پاڕێزبەندی کاک سۆران، بەڵام بەڕاستی گەر بەرواردێکی دەسەڵاتی ئەم سەرۆکە بەو سێ سەرۆکەی دیكە بکەیت و بینینی دەرئەنجامی کۆتایی، بڕیارەکەی دکتۆرە رێواز فایەق بە مانەوەی پارێزبەندی کاک سۆران، بە ئاشکرا کەمدەسەڵاتی و مەزلومیەتی سەرۆکی پەرلەمان دەردەکەوێت."


لە درێژەی نووسینەکەیدا دەشڵێت " بڕیاری دەستگیرکردنەی سۆران عومەر، زیاتر وەڵامە بۆ سەرۆکی پەرلەمان و بێ ماھیەت تەماشاکردنی بڕیارو پێگەکەیەتی و بەشێکیشی وەڵامە بۆ حزبەکەی سەرۆكی پەڕلەمان. بۆیە من بم. لە جیایی یەکێتی، ئەو پۆستەش بە فەرمی دەدەم بە پارتی."

 
دوێنێ دادگاکانی هەولێر بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ سۆران عومەر پەرلەمانتاری کۆمەڵ دەرکرد لەسەر ئەوەی ناوبراو باسی لەوە کردبوو سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی کۆمپانیای هەیەو بازرگانی دەکات.

 


AM:01:09:14/07/2020