توركیا ناحیەی كانی ماسی تۆپباران كرد

ئەمشەو تۆپخانەكانی سوپای توركیا ناحیەی كانی ماسی لەپارێزگای دهۆك تۆپباران كرد.
 
سەربەست ئاكرەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسێ به‌میدیای‌ پارتی‌ راگەیاندووه‌" ئەمشەو سێشەممە دوو گوللـە تۆپ لە دووری ١٠٠ مەتر لە ناحیەی کانی ماسێ کەوتنەخوارەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان نەبووە، تەنیا ترسێکی زۆری لەنێو خەڵک دروستکردووە". 
 
بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ وتیشی" گوللـە تۆپەکان لەلایەن تۆپخانەکانی تورکیاوە ئاراستەی ناوچەکە کراون".
 

کانی ماسی یەکێکە لە شارۆچکەکانی دەڤەری بەرواری باڵا لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، کانی ماسی دەکەوێتە سەر ڕێگای زاخۆ - بێگوڤیا - بریڤکا. دانیشتوانی شارۆچکەکە لەسەر هەردوو ئاینی ئیسلام‌ و مەسیحین.

 


PM:10:32:14/07/2020