وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەبارەی مووچەی ئەم مانگەوە بۆ میدیاکان دەدوێت

وتەبێژی حکومەتی هەرێم هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ دابەشبوونی مووچەی مانگی سێ ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێم بڵاونەکردەوە.

 

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا کە تایبەت بوو بە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، لە بارەی پرسیارێکی رۆژنامەنووسانەوە لەسەر دابەشکردنی مووچە پێش جەژنی قوربان، د. جوتیار عادل وتەبێژی حکومەت هیچ کاتێکی دیاریکراوی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ٣ رانەگەیاند و، وتی "مەسەلەی موچە پەیوەستە بە داهاتی هەرێمی كوردستان"، هەروەها وتیشی " مەسەلەی موچە نابێت بە سیاسی بكرێت و بكرێتە مانشێتی هەواڵ".

 

جوتیار عادل ئاماژەی بۆ کۆمەڵێک بڕیار کرد، لە نێویاندا پرسی پێکهێنانی سندوقی خانەنشینی و وتی "  مەبەستی سەرەکی لەم سندوقەش زامنکردنی مافی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانە لە گشت بوارەکانی وەزیفە، بەپێی ئەم پەیڕەوە داهاتی سندوقەکە تەنیا بۆ شایستەی دارایی خانەنشینان خەرج دەکرێت، سندوقەکەش ئەنجومەنێکی بەڕێوەبردنی دەبێت لە نوێنەری وەزارەتە پەیوەندیدارەکان". 

 

لەو کۆبوونەوەیەدا باس لە دامەزراندنی پلە تایبەتەکان کرد، کە لەمەودوا پەیڕەوی تایبەتی دەبێت و توانا و شارەزایی لەبەرچاو دەگیرێت.

 

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کرد کە لەگەڵ بەغدادا دەیانەوێت کێشەکانیان بەپێی دەستور چارەسەر بکەن و بەم نزیکانە وەفدی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە.

 

 

 

 



PM:04:50:15/07/2020