لە بەرزاییەکانی گوندی بڵبەر شەڕ لە نێوان هێزێکی کوردی و سووپای پاسداران ڕوویدا

تێکهەڵچوونی سەربازی لە گوندێکی نزیکی سەوڵاوا سەر بە پارێزگای سنە لە نێوان هێزەکانی سووپای پاسدارن و هێزێکی کوردستان هاتە ئاراوە.

بە پێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو لە بەرزاییەکانی گوندی بڵبەر سەر بە ناوچەی سەوڵاوا تێکهەڵچوونی چەکدارانە لە نێوان سووپای پاسدارن و هێزی حیزبێکی دژبەری حکومەتی ئێران ڕوویدا. 

سەرچاوەکانی هەنگاو ڕایانگەیاندووە" کە بەهۆی ئەو تێکهەڵچوونە دو پاسدار بە ناوەکانی "جەماڵ کەریمی" بەرپرسی پایگای بڵبەر و "محەمەد کەرەمی" ئەندامی سپای پاسداران کوژراون، هەروەها دوو پاسداری دیکە بریندار بوون کە ناسنامەی یەکێکیان محەمەدعەلی مورادی ڕاگەیندراوە. هێندێک سەرچاوە باس لە کورانی محەمەدعەلی مورادیش دەکەن، بەڵام هێشتا بۆ هەنگاو پشتڕاست نەکراوەتەوە". 

هەنگاو لە ڕیگەی سەرچاوەکانیەوە ئاگادار بووەتەوە کە لایەنی بەرانبەری ئەم تێکهەڵچوونە بە بێ زیانی گیانی ناوچەکەیان جێهێشتووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، تائێستا هیچ کام لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری حکوومەت بەرپرسیارەتی تێکهەڵچوونەکەیان نەگرتووەتە ئەستۆ و میدیاکانی حکومەتی ئێران ئەو هەواڵەیان ڕووماڵ نەکردووە.
 



PM:01:44:17/07/2020