تەندروستی سلێمانی: دۆخی کۆرۆنا بەبەراورد لەگەڵ دووهەفتە لەمەوبەر لە قۆناغێکی جێگرتردایە

جێگری بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت" كه‌ دۆخی شاری سلێمانی بەبەراورد لەگەڵ دووهەفتە لەمەوبەر لە قۆناغێکی جێگرتردایە لە قۆناغی مەترسی دەرچووە".

 

شێخ عەبدوڵا سەنگاوی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" دۆخی شاری سلێمانی بەبەراورد لەگەڵ دووهەفتە پێش ئێستا لە قۆناغێکی جێگرتردایە و لە قۆناغی مەترسی دەرچووە، دووهەفتە لەمەوبەر لە قۆناغێکی مەترسیداربو کە حاڵەتەکان بەرەو هەڵکشان دەچوون، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بوایە وەک کەرتی تەندروستی نەماندەتوانی وەک پێویست خزمەتگوزارییە تەندروستیەکان پێشکەش بکەین".

 

دەشڵێت" ێویستمان بە کاتە تا بتوانین بە تەواوی بەسەر ڤایرسەکەدا زاڵببین لە شارەکەدا". 

 

جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی وتیشی" بە خۆشحاڵیەوە لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە هاوڵاتیان پابەندن بە ڕێنماییە تەندروستیەکانەوە،دوای ئەوەی بینیان کەسانێک توشی ڤایرۆسەکە دەبن و گیانلەدەستدەدەن، لە کاتێکدا پێشتر بەشێکی زۆر لە خەڵک باوەڕیان بە بونی ڤایرۆسەکە نەبوو". 

هەروەها دکتۆر عەبدوڵا کە سەرپەرشتی ناشتنی قوربانیانی ڤایرۆسەکە دەکات لە شاری سلێمانی دەڵێت" وەک بەرێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی هەر لە سەرەتاوە بەرنامەمان دانا کە دروستکردنی لیژنەیەک بوو بۆ سەرپەرشتیکردنی ناشتنی تەرمی قوربانیان دوور لە تێکهەڵبون و قەرەباڵغی کەسوکاری قوربانیەکان بۆ ئەو مەبەستەش تەنها چەند کەسێکی کەمی نزیکی قوربانیەکە بەشداری لە ناشتنەکەدا دەکات بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی چۆن دەنێژرێن". 

ڕاشیگەیاند" لەسەر بڕیاری لیژنەی فەتوای هەرێمی کوردستان تەرمی قوربانیەکان ناشۆرێن و کفن ناکرێن بەڵام لەبری ئەوە دەرمانی پاکەرەوە بە تەرمەکان دەکرێت و تا سێ مەتر شوێنی ناشتنەکەیان قوڵ دەکرێت". 



AM:12:03:18/07/2020