حكومەت دێتە پەرلەمان بەڵام لەبارەی مووچەوە قسەناکرێت

حكومەتی هەرێمی كوردستان بە فەرمی وەڵامی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی دایەوە، نایەوێت لەبارەی قەیرانی دارایی‌ و مووچە قسە بكات‌ و تەنیا بابەتی (كۆرۆنا)و (ناوچە دابڕاوەكان) وەزیر دەنێرێتە بەردەم پەرلەمان.

 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ( سپی ) کەوتووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی ٢٦ی تەموز دەربارەی دۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، هەریەک لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ،  شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەنێوان هەرێم‌و بەغداد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان‌و دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەچنە پەرلەمان".

 

هەروەها رۆژی ٢٧ی تەموز دەربارەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، رێبەری ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان، لەسەر ئەم پرسە دەچنە پەرلەمان.

 

بەپێی نوسراوەكەی حكومەت بێت، دەبێت رۆژی یەكشەممە‌و دوو شەممەی هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی كوردستان كۆببێتەوە، ئەمە لەكاتێكدایە رێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان‌و فراكسیۆنی یەكێتی بەبڕیاری حزبەكەیان كۆبونەوەكانی پەرلەمانیان هەڵپەساردووە.

 

ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە سەرۆکایەتی پەرلەمان بەبێ سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەکان بەرێوە دەبەن، ئەوە لە کاتێکدایە سەرەتای ئەم هەفتەیە یەکێتی بڕیاری دا کە سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوەی پەرلەمان رێکنەخات، تا پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی یەکلایی دەبێتەوە.

PM:08:53:21/07/2020