وهزارهتی كارهبای حكوومهتی ههرێمی كوردستان، ئاگادارییهكی لهبارهی ڕهوشی كارهبا لە رۆژی هەینیدا بڵاودەکاتەوەو بۆ ٣ کاتژمێر تا ٤ کاتژمێر کەمدەکاتەوە.
وەزارەتی کارەبا ئەمڕۆ پێنج شهممه ٢٣ی تەموز ئاگادارییهكی بڵاو كردهوه کە تیایدا هاتووه "لە چوارچێوەی هەوڵەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ زیادكردنی بەرهەمهێنانی غازی سروشتی و بەرهەمهێنانی كارەبا، سبەی ههینی 24/7/2020، له كاتژمێر 6ی بەیانی بۆ ماوەی تەنیا 3 بۆ 4 كاتژمێر بڕی 200 مەق مەق بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرۆمۆڵ كەم دەكات".
لە ئاگاداریەکەدا هاتووە " ئەمەش بەمەبەستی جێبەجێكردنی پرۆسەی تەكنیكیی زیادكردنی غاز، دواتر ڕەوشەكە ئاسایی دەبێتەوە و 100 مێگاوات كارەبا زیاد دەبێت و كاریگەریی لەسەر زیادبوونی ماوەكانی پێدانی كارەبا دەبێت".
ئهوهش خراوهته ڕوو: "وەزارەتی كارەبا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لە هەوڵی بەردەوام دایە بۆ بنیاتنانی ژێرخانی كارەبا و زیادكردنی ماوەكانی پێدانی كارەبا بەتایبەتی لەم وەرزەی هاویندا، بۆ ئەوەی بەپێی توانا و بەباشترین شێوە خزمەتی هاونیشتمانیان بكات".