ماوەی ١٠ ڕۆژە کرێکارێکی باکوری کوردستان لە سلێمانی بێسەروشوێنە

ماوەی ١٠ ڕۆژە کرێکارێکی خەڵکی باکوری کوردستان و نیشتەجێی شاری سلێمانی بێسەروشوێن بووە، ڕێکخراوی کرێکارانی مەزۆپۆتامیاش، داوا لە ئاسایشی سلێمانی دەکات، کە هاوکارییان بکات لە دۆزینەوەی و ئاشکراکردنی چارەنووسی.


ئەمڕۆ  هەینی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا و لە بارەگای ڕێکخراوەکەیان لە شاری سلێمانی، زەکی چەلەبی، بەرپرسیاری ڕێکخراوی کرێکارانی مەزۆپۆتامیا، بێسەروشوێنبوونی ئەندامێکیانئ بەناوی ‘عەلی ئەحمەد قەیارە‌ ڕاگەیاند.

 
لە میانەی قسەکانیدا، زەکی چەلەبی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، عەلی ئەحمەد قەیارە، خەڵکی شاری سێرتی باکوری کوردستانە، ماوەی نۆ ساڵە هاتووەتە باشوری کوردستان و نزیکەی ساڵێکە لە شاری سلێمانی کرێکاریی دەکات، لەنێوان کاتژمێر ٧:٠٠ بۆ ٧:٣٠ خولەک بەیانیی ڕۆژی ١٥ ئەم مانگە دیار نەماوە و تەلەفۆنەکەی داخراوە.

 
هەروەها وتیشی" عەلی ئەندامی ڕێکخراوەکەمانە، پاش ڕۆژێک لە دیارنەمانی لەلایەن نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە لە باشوری کوردستان، ئاسایشی سلیمانی ئاگادارکراوەتەوە، ئاسایشی سلێمانییش پێیان ڕاگەیاندوون لەلای ئەوان نییە، لە ئێستادا دەگەڕێن بە دوایدا، بەڵام تا ئێستا هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە نییە".

 
ڕێکخراوی کرێکارانی مەزۆپۆتامیا، داوا لە حکومەتی هەرێم و ئاسایشی سلێمانی دەکات، هاوکاریان بێت بۆ دۆزینەوە و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەندامەکەیان.

 


PM:10:48:24/07/2020