لە ڕوونکردنەوەیەکدا نوسینگەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند" لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو کێشەیە تاووتوێ کرا، بافڵ تاڵەبانی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ 24 کاتژمێر کرد".
دەقی روونکردنەوەکە:
*ڕوونکردنەوەیەک لە نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە*
پەیوەست بە ئەو کێشانەی کە لەبارەی کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستانەوە لە ئارادابوون، ھەندێک ھەواڵ و لێکدانەوەی ناڕاست لە میدیاکاندا بڵاو بوونەتەوە.
راستیی بابەتەکە بەو شێوەیە کە لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی نێوان بەڕێزان مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و بافڵ تالەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئەو کێشەیە تاووتوێ کرا و بەڕێز بافڵ تالەبانی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمانی بۆ 24 کاتژمێر کرد بەبێ ھیچ مەرجێک، تاکو دەرفەت بۆ سەرکردایەتیی ھەردوولا ھەبێت بە تێگەیشتنێکی ھاوبەش بگەن. ئەم داوایە بە چارەسەرێکی پەسەند زانرا و بە دانوستان لە نێوان سەرۆکایەتی پەرلەمان وسەرکردایەتیی ھەردوولا کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ 24 کاتژمێر دواخراوە بە بێ ھیچ مەرجێک و بوار ڕەخسێندراوە لەو ماوەیەدا بەربەست و کێشەکان چارەسەر بکرێن.
بەو ھیوایەی کە گشت لایەک بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەل ئەم بابەتانە بکەن و بە ئاراستەی چارسەر ، ھەواڵ و لێکدانەوەکان بگوازنەوە.
نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان
2020/7/26