پارتی نیگەرانە لە تورکیا

بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی هێرشەکانی تورکیاوە بۆ سەر هەرێم، نیگەرانی حیزبەکەی بەهاکان کاراچای، کونسووڵی گشتیی کۆماری تورکیا لە هەرێمی کوردستان  راگەیاند.
 
میدیای فەرمی پارتی رایگەیاند بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی نیگەرانیی سەرکردایەتیی پارتی و دانیشتووانی هەرێمی کوردستانی بە بەرێز کاراچای گەیاند، کە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا زیانێکی زۆری بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و ناوچە سنوورییەکان بەتایبەتی گەیاندووە و، وتی: ''ئەمەش بووەتە هۆکاری ناڕەزاییی تەواوی خەڵکی کوردستان. لەگەڵ ئەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و ئەنقەرا باش و بەهێزن، بەڵام ئەو جورە هێرشانە بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی و نیگەرانییەکانی هەرێم، زیان بە هەردوولا دەگەیەنێت، بۆیە داواکارین ئەو ململانێ سەربازییە لە خاکی هەرێمی کوردستان دوور بخرێتەوە. هەروەکو لە بەیاننامەی 20-6-2020 مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا هاتووە، لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) و حکوومەتی تورکیا داواکارین کە دەستبەرداری چەک بن و ڕێگای سیاسی و دیموکراسیانە بگرنەبەر بۆ چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد، پێمان وایە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی هیچ ئەنجامێکی دڵخۆشکەر ناهێنێتە کایە و دواجار دەبێت لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەری جیاوازییەکان بکرێت. هەبونی پەکەکە لە خاکی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانی تورکیا زیانی گیانی و ماڵیی بە دانیشتووانی ئەوناوچانە گەیاندووە، بۆیە داواکارین لە هەموو لایەک خەڵکی هەرێمی کوردستان نەکەنە قەڵغان و قوربانیی ئەو ململانێیە و داواکارین لە پەکەکەش لەو ناوچانە بکشێنەوە و چیی تر بیانووی بوونیان لەو ناوچانە نەدەنە دەست هێزی سەربازیی تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر خەڵکی ئێمە.''
ئەوە لە کاتێکدایە هیچ دەستەیەکی باڵای فەرمی پارتی و هەرێم، لە مەکتەبی سیاسی پارتی و سەرۆکی پارتی و سەرکردایەتی و سەرۆکی هەرێم و حکومەت و پەرلەمان هیچ راگەیاندنێکی دژی ئەو لەشکرکێشیە بڵاونەکردۆتەوە.

 
 
وەک میدیای پارتی ئاماژەی بۆ کردووە، ھاکان کاراچای، کونسووڵی گشتیی کۆماری تورکیا دەربارەی نیگەرانییەکان ڕایگەیاند: "ئێمە و گەلی کوردی برامان لە هەرێمی کوردستان بەرژەوەندییەکی هاوبەش و پەیوەندییەکانی باشمان هەیە و هیچ کارێک ناکەین کە ئەو بەرژەوەندییانە بکەونە مەترسییەوە، بەڵام پێویستە لە نێگەرانی و هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی تورکیا بگەن. ئەو هێزانە کە لە سنوورەکانی تورکیا هەن ڕۆژانە هێرش دەکەنە سەر خاکی تورکیا، ئێمە وەکو حکوومەتی تورکیا پرسی کورد نابەستینەوە بە بوونی پەکەکە و ئەوان بە نوێنەری کوردی برامان نازانین.''

 
 
 دەربارەی کێشەی ناوچە سنوورییەکان و زیان و قوربانیان ڕایگەیاند کە ئەو کێشەیە دەگەیەنێتە سەرووی خۆی. کاراچای تەئکیدی لە فراوانبوونی پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکان کردەوە و وتی: ''ئێمە دوو دراوسێین کە پێویستە داهاتوو و بەرژەوندییەکانی هەردوولا لەبەرچاو بگرین و کار بکەین بۆ زیاتر بەرەوەپێشەوەچوونیان و ئەمەش ئامانجی ئێمەیە."( وەک میدیای فەرمی پارتی دەیڵێت).




PM:07:01:27/07/2020